ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ھێرشەکەی تورکیا بۆ سەر عێراق کۆبووەوە
کوردسات نیوز
٢٧ی تەمووزی ٢٠٢٢
لەسەر داوای عێراق ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە ھێرشەکانی تورکیا کۆبووەوە و فوئاد حسین وەزیری دەرەوەی عێراق داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد بڕیارێک دەربکات بۆ ناچارکردنی تورکیا بە کشاندنەوەی ھێزەکانی لە خاکی وڵاتەکەی، دەستدرێژییەکانی تورکیاشی بە دوژمنکارییەکی سەربازی بۆ سەر سەروەری عێراق و ھەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ھەرێمی و نێودەوڵەتی ناوبرد.
وەزیری دەرەوەی عێراق راشیگەیاند، ٢٩٦یاداشتی ناڕەزاییان لەسەر پێشێلکارییەکان ئاراستەی تورکیا کردووە و داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی سەربەخۆ بۆ دەستدرێژییەکە پێکبھێنێت.
ھەروەھا جینین پلاسخارت نێردەی تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان راپۆرتێکی سەبارەت بە تۆپبارانەکەی ٢٠ی ئەم مانگەی تورکیا بۆ سەر زاخۆ پێشکەشکرد و رایگەیاند، ئەو جۆرە ھێرشانە دەبێتە مایەی زیادکردنی ئاڵۆزیی ھەرێمییەکان و کارەساتە مرۆییەکان.
جەختیشی کردەوە، عێراق دژی ئەو بیرۆکانەیە کە پێیوایە وەک گۆڕەپانی ململانێ دەرەکیی و ھەرێمییەکان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
لەبەرامبەردا، ئۆنسو کیشیلی جێگری نوێنەری تورکیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش رایگەیاند، وڵاتەکەی لەسەرەتاوە ئامادەیی پیشانداوە بۆ گرتنەبەری ھەموو رێوشوێنێک بۆ ئاشکراکردنی راستییەکان، وتیشی، جاری یەکەم نیە ھەڵمەتی شێواندن لە دژی وڵاتەکەی ئەنجامدەدرێت ، دووپاتیشیکردەوە، وڵاتەکەی بەردەوام پشتیوانی سەربەخۆیی و سەروەری گەشەپێدانی عێراقە ھەر بانگەشەیەکی پێچەوانەی راستییەکان نیازێکی باش نیە.
نوێنەری تورکیا رەتیکردەوە سوپای وڵاتەکەی تۆپبارانی ھاووڵاتیانی عێراقی کردبێت