دواین زانیاری لەبارەی ھێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکراین
کوردسات نیوز
٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢
پوتن لە وتاری دەستپێکردنی ھێرشەکە رایگەیاند، ئامانجیان لەو ھێرشە پاراستنی خەڵکی کۆماری "دۆنباس"ە چونکە ھەشت ساڵە دانیشتووانی لۆھانسک و دۆنێتسکی سەر بەو کۆمارە لەلایەن رژێمی کییڤەوە روبەڕووی جینۆساید بوونەتەوە.
بەپێی زانیاری سەرچاوەکانیش، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ھێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکراین دەستیپێکردووە و پاسەوانی سنوریش دەڵێت، ھێرشەکان بۆ سەر ئەو وڵاتە لەناو روسیا و بێلاڕوسەوە بووە و دەنگی چەندین تەقینەوە لە "کییڤ"ی پایتەخت و شاری "خارکییڤ" و "کراماتورسک" و "ئۆدێسا" و "ماریبۆل" بیستراوە و دەنگی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنیش لە شەقامەکان بەرزبوونەتەوە.
ئاژانسی ھەواڵی "ئینتەرفاکس"یش رایگەیاند، ھێرشی مووشەکی بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکان لە ناوچەکانی ئۆکراین روویداوە و ئاگریش لە کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی لە "کییڤ" کەوتۆتەوە. ھاوکات سوپای روسیا وتویەتی، ھێرش ناکەنە سەر شارەکانی ئۆکراین و تەنھا بنکە سەربازییەکان دەکەنە ئامانج.
سەرچاوە سەربازییەکانی ئۆکراینیش رایانگەیاندووە، چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی روسی لە لۆھانسک خراوەتە خوارەوە.