پوتن: بەرژەوەندییەکانی روسیا جێی دانوستان نین
کوردسات نیوز
٢٣ی شوباتی ٢٠٢٢
پوتن لە دوایین لێدوانیدا رایگەیاندووە، ئەمنییەت و بەرژەوەندییەکانی روسیا جێی گفتوگۆ و دانوستان نین، بەڵام ئامادەن بۆ چارەسەری دیبلۆماسی بۆ کێشەی ئۆکراین و وڵاتانی خۆرئاوا.
پوتن ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە وڵاتەکەی روبەڕووی چەندین ھەڕەشە دەبێتەوە، وەک چالاکی سەربازی ھاوپەیمانی ناتۆ و سیستمی چەکی وڵاتان، تا ئێستاش وەڵامیان بۆ مەترسییەکانیان وەرنەگرتووە. "پوتن" جەختیشی کردەوە لە گەشەدان بە توانای سوپا و کەشتیگەلی روسیا و تەکنەلۆژیای زیرەک و کوالێتی چەکەکانیان.
لەلایەکی ترەوە، جین ساکی وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، لە ئێستادا ھیچ پلانێک نییە بۆ کۆبوونەوەی نێوان بایدن و پوتن و وەزیرانی دەرەوەی ھەردوو وڵاتیش کۆنەبوونەتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە بڕیاربوو بەمنزیکانە لوتکەیەک لەنێوان ئەو دوو سەرۆکە رێکبخرێت و وەزیرانی دەرەوەی روسیا و ئەمریکاش ئەجێندای کۆبوونەوەکە دابڕێژن.