ئەمڕۆ لە سلێمانی، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بە ئامادەبونی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی نەوەی نوێ ئیمزای رێککەوتنی نێوانیان بە ناونیشانی هاوپەیمانی هاوسەنگی و بوژاندنەوە کرد و کوردستا نیوزیش دەقی رێککەوتنکە بڵاو دەکاتەوە.
لە دەقی رێککەوتنەکەدا هاتووە؛ ئەم رێککەوتنە وەڵامێکە بۆ ئاڵۆزییە سیاسیی و ئابوورییەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان و عیراق و هەوڵێکە بۆ دروستکردنی نموونەیەکی نوێی حوکمڕانی کە لەسەر بنەمای دادپەروەری، هاوسەنگی دامەزراوەیی و شەفافییەت لە بەڕێوەبردنی داهاتە داراییەکاندا بنیات دەنرێت.
دەقی رێککەوتنەکە
دیموکراسی و پاراستن و بەرجەستەکردنی مافی هاووڵاتیان و باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان و باشترکردنی حوکمڕانی، هەردوولا (جوڵانەوەی نەوەی نوێ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) ڕێککەوتنێکی سیاسیی ستراتیجی بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگی و ڕێکخستنەوەی بالانسی هێز لە دیمەنی سیاسیی هەرێمی کوردستان و، بەهێزکردنی هاوبەشیی نیشتمانیی بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان بکات بەبێ جیاوازی و بەڕێوەبردنێکی دادپەروەرانە و شەفاف بۆ سەرچاوە گشتییەکان دابین بکات؛ ڕێککەوتنێک ئیمزا دەکەن.
ئەم ڕێککەوتنە وەڵامێکە بۆ ئاڵۆزییە سیاسیی و ئابوورییەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق و هەوڵێکە بۆ دروستکردنی نموونەیەکی نوێی حوکمڕانی کە لەسەر بنەمای دادپەروەری، هاوسەنگی دامەزراوەیی و شەفافییەت لە بەڕێوەبردنی داهاتە داراییەکاندا بنیات دەنریت و، بۆ زیادکردنی متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوە فەرمییەکان و، کارکردنی دامەزراوەکانیش بۆ باشکردنی گوزەران و مووچە و پێشکەشکردنی باشترین خزمهتگوزاری بۆ هاووڵاتیان.
بنەماکانی ئەم ڕێککەوتنە:
یەکەم: ئامانجەکانی ڕێککەوتن
1. گەڕانەوەی هاوسەنگی و بالانسی هێزە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی هاوکاریی دامودەزگاکانی حوکمڕانی و پەرلەمان و سیاسیی و دروستکردنی یەک بلۆکی سیاسیی بۆ ئەم قۆناغە.
2.بەهێزکردنی کاری هاوبەش بۆ پێکهێنانی دامەزراوە فەرمییەکان لەسەر بنەمای ڕێککەوتن و هاوسەنگی.
3.چەسپاندنی بنەماکانی دادپەروەری و شەفافییەت لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە و داهاتە داراییەکان کە گرنگترینیان چەسپاندنی یاسای بودجەیە بۆ هەرێمی کوردستان.
4.پەرەپێدانی سیستمێکی حوکمڕانی دامەزراوەیی کە سنووردارکردن و نەهێشتنی قۆرخکاری دەسەڵات بکات و چاودێری و لێپرسینەوە بەهێز بکات.
5.چەسپاندنی بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی یاسادانان، چاودێری، جێبەجێکردن، و دادوەری لە یەکتری و ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی و بێلایەنی دەسەڵاتی دادوەری.
دووەم: هاوکاری لە ئاستی پەرلەمانی کوردستان
1.هەماهەنگی و یەک هەڵوێستی لە ناو پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ پشتیگیری لە چاکسازی سیاسیی و دامەزراوەیی و پشتگیریکردنی پڕۆژە هاوبەش و گرنگەکان لە پێناو بەیاساییکردنیان.
2.پشتیگیری لە یاساکان کە شەفافییەتی دارایی و چاودێری لە داهاتە گشتییەکان زیاد دەکەن
3.پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش بۆ چاودێریکردن لە جێبەجێکردنی چاکسازییەکان و هەڵسەنگاندنی کارکردن.
4.بەهێزکردنی ڕۆڵی پەرلەمانی کوردستان وەک دەسەڵاتی چاودێری و یاسادانان.
5.ڕێککەوتن لەسەر ئامادەکردنی پڕۆژە یاساکان و پەسەندکردنیان لە لایەن پەرلەمان و دەزگا تەشریعییەکان.
6.کارکردن بۆ گێڕانەوە و هەموارکردنی ئەو یاسایانەی پێویستە هەموار بکرێنەوە و ئەو بڕیارانەی بەدەر لە یاساکانی پەرلەمان دەرچوێندراون و بوونەتە مایەی زیان بۆ ژیان و گوزەرانی چین و توێژە جیاوازەکانی هاووڵاتیان.
7.ئامادەکردنی ئەو پڕۆژە یاسایانەی کە ئاستی بژیوی هاووڵاتیان باشتر دەکەن و پەسەندکردنیان بەتایبەت لە بوارەکانی تەندروستی، پەروەردە، هەموو سێکتەرە خزمەتگوزارییەکان، باج و ڕسوومات>
8.هاوپەیمانیتییەکە پێکەوە کار دەکەن لە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێم بۆ چەسپاندنی ئەم خاڵانە و جێبەجێکردنیان:
أ. گێڕانەوەی بڕێک لە پارەی پاشەکەوتکردن و لێبڕینی مووچەی مووچەخۆران و کردنەوەی ژمارە حیساب بۆیان.
ب. پێدانی سلفەی زەواج بە گەنجان.
پ. دابەزاندنی نرخی کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی تر.
ت. کەمکردنەوەی باج و ڕسوومات لەسەر کاسبکاران.
ج. دۆزینەوەی هەلی کار بۆ دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان و دامەزراندنی دامەزراوەیەک بۆ ڕاژە و هەلی کار.
چ. یەکلاکردنەوەی کێشەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی کاتی و گرێبەست.
سێیەم: هاوکاری لە ئاستی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
1.یەکخستنی هەڵوێستە سیاسییەکان لە ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی مافەکانی هەرێم، بەتایبەت بودجە و ماف و شایستە داراییەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و پرسی ناوچە جێناکۆکەکان و پێشمەرگە.
2.کاری هاوبەش بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سیستمی فیدراڵیدا.
چوارەم: بنەماکانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
1.کارکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەتێک پشتبەست بە بالانسی هێز و لەسەر بنەمای هاوسەنگی سیاسیی و هاوبەشیی ڕاستەقینە.
2.کارکردن بۆ دابەشکاری پۆستەکان لەسەر بنەمای دادپەروەری لە بەرپرسیاریتییە حکومییەکان.
3.دڵنیابوون لە شەفافییەتێکی تەواو لە بەڕێوەبردن و کۆکردنەوەی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان.
4.دروستکردنی میکانیزمی چاودێری دارایی سەربەخۆ بۆ پاراستنی شەفافییەت و لێپرسینەوە.
5.بەهێزکردنی ڕۆڵی دامەزراوەکانی چاودێری، دادوەری و دەستەی دەسپاکی، دوور لە دەستێوەردانی حزبی.
6.چەسپاندنی مەرجی هەبوونی یاسای بوودجە کە پەسەندکراوی پەرلەمانی کوردستان بێت و لەژێر چاودێری ئەویش جێبەجێ بکرێت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، بەمەرجێک دادپەروەری بۆ هەموو ناوچەکان تێدا بێت.
پێنجەم: بنەما گشتییەکان
1.هەردوو لایەن پابەند دەبن بە کاری هاوبەش بۆ ڕێکخستنەوەی ئاڕاستەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەک کە بنەماکانی دیموکراسی و هاوسەنگی دامەزراوەیی بەهێز بکات.
2.دەستپێکردنی بەرنامەیەکی چاکسازی گشتی بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی میکانیزمەکانی بڕیارسازی حکومی و پەرلەمانی بەشێوەیەکی شەفەفانە و دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیرەکان.
3.بەهێزکردنی سەربەخۆیی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و دادوەری و دڵنیابوون لە جیاکاری و جیاوازی نیوان دەسەڵاتەکان.
4.کارکردن لەگەڵ گشت لایەنە سیاسییەکان و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ ئامادەکردن و پەسەندکردنی دەستووری هەرێمی کوردستان کە پارێزەری قەوارە و ماف و شایستەکانی هاووڵاتیان بێت و گەرەنتی پڕۆسەی دیموکراسی و مافە مەدەنییەکان بکات.
5.پێداچوونەوە بە سیاسەتە دارایی و کارگێڕییەکان بەشێوەیەک کە بەڕێوەبردنێکی دادپەروەرانەی داهات دڵنیا بکات و دابەشکردنێکی هاوسەنگ لە نێوان دامەزراوە و ناوچەکاندا دروست بکات.
6.پەیڕەوکردنی ستاندارەکانی حوکمڕانی باش لە دیاریکردنی کارمەندانی پلە باڵا.
7.کردنەوەی دەرگا بۆ بەشداریکردنی هێزە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان لە پڕۆسەی چاکسازی بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی سیاسیی و جێگیریی دامەزراوەیی.
شەشەم: میکانیزمەکانی جێبەجێکردن و بەدواداچوونی ئەم ڕێککەوتنە
1.پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە هەردوولا بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بڕگە و ماددەکانی ئەم ڕێککەوتنە.
2.ئەنجامدانی کۆبوونەوەی خولی بۆ هەڵسەنگاندن و دیاریکردنی کەموکوڕییەکان لە ئەگەری هەبوونیان.
کۆتایی
هەردوو لایەن پشتڕاست دەکەنەوە کە ئەم ڕێککەوتنە هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ دروستکردنی قۆناغێکی نوێی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان، کە لەسەر بنەمای گێڕانەوەی هاوسەنگی و بالانسی هێز، دادپەروەری و بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوەکان دروستکرابێت و کارکردنی هاوبەش بۆ داهاتوویەکی جێگیر و گەشەپێدراو لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتیان.