لێپرسراوانی هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکی هۆشدارییان داوە لەوەی؛ ئێران هەوڵەکانی بۆ بەئامانجگرتنی کارمەندانی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی تر زیاتر کردووە.

بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی "سی بی ئێس"ـی ئەمریکی، گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن روو لە هەڵکشانە و تاران هۆشداری داوە کە ژێر دەریایی و کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا رێگەیان پێ نادرێت بچنە ناو ئاوەکانی کەنداو، ئەوەش لەکاتێکدایە کە باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا هۆشداری داوە، پێدەچێت هەر لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا هێرشبکرێتە سەر ئێران.

هاوکات جەی کلەیتن، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئێران هەوڵەکانی بۆ بەئامانجگرتنی کارمەندانی ئەمریکی لە دەرەوەی وڵات بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە و پلانەکانی کوشتنی هاوڵاتیانی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی تر گەیشتوونەتە قۆناغێکی مەترسیدار.

لە لایەکی ترەوە، مایکل واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، جەنگی ئێران رەنگە ساڵێکی تر درێژە بکێشێت، بەڵام هیوادارە ئێران پێش ئەو کاتە بێتە سەر مێزی دانوستان.

جێی ئاماژەیە، ئەم ئاڵۆزییانە بەشێکن لە زنجیرەیەک پەرەسەندنی بەردەوام لە نێوان هەردوو وڵاتدا، کە تێیدا ئەمریکا هێزە دەریایی و سەربازییەکانی خۆی لە ناوچەی کەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر بڵاوەپێکردووە، ئێرانەش دژایەتیی بوونی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکات.