حکومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان یاریی تۆپی پێی ئەلیکترۆنی "ئەتاری" و تۆپی سەرمێز "فیشە"ی قەدەغە کردووە و بە "پێچەوانەی یاسای ئیسلامی" دەزانێت.
هاوکات پۆلیسی ئەفغانستان دەیان شوێنی یاریی ئەلیکترۆنی لە ویلایەتەکانی هەرات، بەڵخ و دایکوندی داخستووە.
حکومەتی تاڵیبان جەختی کردووەتەوە کە ئەم یارییانە گەنجان لە ئەرکە ئایینییەکانیان دوور دەخاتەوە. هەندێک لە بەرپرسانی تاڵیبان یاریزانە پلاستیکەکانی یاری "فیشە"یان بە "بت" چوواندووە.
گەنجان و خاوەنی شوێنی یارییە ئەلیکترۆنییەکان داوایان لە وەزارەتی فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپە کردووە پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکرێتەوە.
لە هەمان کاتدا، یاری شەترەنجیش خراوەتە لیستی چالاکییە قەدەغەکراوەکان بەهۆی "پێچەوانەی یاسای فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپە"ەوە.
ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی "یاسای نوێی ڕەوشت"ی 35بڕگەیی دێن کە مانگی ئابی 2024 ڕاگەیەندرا.