وەزارەتی نەوتی عیراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند کە ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە بەغداد و پارێزگاکان سیستمی غازیان بۆ دابینکراوە، بەرزبووەتەوە بۆ 95 هەزار ئۆتۆمبێل.
ئەنوەر عەلی حسێن، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی پڕکردنەوە و خزمەتگوزارییەکانی غاز لە وەزارەتی نەوت، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە سیستمی غازی شلیان (LPG) بۆ دابینکراوە، لە بەغداد و پارێزگاکان گەیشتووەتە نزیکەی 95 هەزار ئۆتۆمبێل. ئەمەش لە چوارچێوەی پڕۆژەی وەزارەتی نەوتدایە کە ئامانجی فراوانکردنی بەکارهێنانی غازی شلە لە کەرتی گواستنەوە و هەمەجۆرکردنی بژاردەکانی سووتەمەنییە لەبەردەم هاووڵاتیاندا.
حسێن روونی کردەوە کە کۆمپانیاکە کار دەکات بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی بە مەبەستی فراوانکردنی ئەم ئەزموونە و زیادکردنی ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی سودمەند دەبن لە سیستمی غازی شل، بەهۆی ئەو سوودە ئابورییەی کە پڕۆژەکە پێشکەشی دەکات، کە خۆی لە کەمکردنەوەی تێچووی کارپێکردن و بەکارهێنانی غازی شل لەبری بەنزیندا دەبینێتەوە، جگە لە گرنگییە ژینگەییەکەی لە کەمکردنەوەی گازە ژەهراوییەکان و پشتبەستنی بە پێوەرە تەکنیکییەکان کە ڕەچاوی مەرجەکانی سەلامەتی و دڵنیایی دەکەن.
سەبارەت بە شوێنی پێشکەشکردنی ئەم خزمەتگوزارییە، حسێن وتی: خزمەتگوزارییەکانی بەستنی سیستمی غاز لە ئۆتۆمبێلەکاندا لە رێگەی 27 وەرشەی پسپۆڕەوە پێشکەش دەکرێن کە لە بەغداد و پارێزگاکاندا بڵاوبوونەتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆمپانیاکە هەوڵ دەدات توانای وەرگرتنی ئەم وەرشانە بەرز بکاتەوە و خزمەتگوزارییەکانیان پەرە پێبدات بە جۆرێک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ زیادبوونی خواست لەسەر سووتەمەنی غازی شل.
هەروەها ئاشکرای کرد کە ژمارەی بنکەکانی دابینکردنی غازی شل بۆ ئۆتۆمبێلەکان گەیشتووەتە 171بنکە لە سەرانسەری پارێزگاکاندا، کە دابەشبوون بەسەر کۆمپانیای گشتیی پڕکردنەوە و خزمەتگوزارییەکانی غاز و کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکاندا.
باسی لەوەش کرد کە چەندین بنکە و وەرشەی نوێ لە قۆناغی جێبەجێکردن دان لە چوارچێوەی پلانێکدا بۆ زیادکردنی بڵاوبوونەوەی خزمەتگوزارییەکە و ئاسانکاری بۆ دەستڕاگەیشتنی هاووڵاتیان.
لە کۆتاییدا، حسێن رایگەیاند کە فراوانبوون لە پڕۆژەی غازی ئۆتۆمبێلەکاندا لە چوارچێوەی ئاڕاستەکانی وەزارەتی نەوتدایە بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین سوود لە غازی شل (LPG) و پاڵپشتیکردنی ئەو پڕۆژانەی کە قازانجێکی ئابووری و ژینگەیی ڕاستەوخۆ بەدی دەهێنن و خزمەت بە هاووڵاتیان و بەرژەوەندی گشتی دەکەن.