عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بەبۆنەی کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەرەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت؛ "سڕی سورەیا ئۆندەر تێکۆشەری راستەقینەی ئاشتی بوو".
لە پەیامەکەی ئۆجەلاندا هاتووە: "بە کۆچی دوایی برای خۆشەویستم سری سورەیا ئۆندەر، خەمێکی قووڵ چووە دڵمەوە. ئەو مرۆڤێکی زۆر بەنرخ و کوڕی راستەقینەی گەلان بوو. نەریتی ئەنادۆڵ و تورکمانی کوڕێکی گەورەی خۆی لەدەستدا، هەموو کۆمەڵگەکانی ناوچەکەمان و گەلەکانمان هاوڕێیەکی گەورەیان لەدەستدا".
لە پەیامەکەیدا، ئۆجەلان ئاماژەی بە دوا دیداری خۆی لەگەڵ ئۆندەر کردوە لە 27ـی شوباتدا و دەڵێت: "لە کۆبوونەوەکەماندا، ئەو دوا رستەی بانگەوازەکەمانی بە دەستی خۆی تۆمارکرد و دەیویست خۆی بیخوێنێتەوە. ئەو کەسێکی ماندوونەناس و کرێکارێکی بێوێنە بوو لە پێناو پێکەوەژیانی ئاشتیانەدا".
رێبەری پەکەکە جەختیشی کردەوە کە ئۆندەر "ئەو تواناییەی هەبوو کە هەموو نەرێنییەکان بگۆڕێت بۆ ئەرێنی. ئەو بە باشی دەیزانی کە پرۆسەی ئاشتی چەندە بە سوودە بۆ هەموو لایەک و ئەمەش گەورەترین خەونی ئەو بوو".
ئۆجەلان لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت: "ئەم هیوایە هەرگیز ناکرێت نیوەچڵ بەجێبهێڵدرێت. ئەرکی هەموومانە کە ئەم ڕۆحە بەرەو ئاشتی ببەین و بە ناوی سری سورەیا ئۆندەرەوەی بکەین".
شایانی باسە، سری سورەیا ئۆندەر سیاسەتمەدار و فیلمسازی ناسراوی تورکیا بوو کە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پرۆسەی ئاشتی نێوان حکومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان گێڕا.