ئەڵمانیا داوای دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ڤیەننا دەکات
کوردسات نیوز
٢ی ئەیلوولی ٢٠٢١
ھایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەدا لەگەڵ ھاوتا ئێرانییەکەی حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان لە ھەموو بوارەکاندا نیشاندا و داواشیکرد، ھەرچی زووتر دانوستانەکانی ڤیەننا دەستپێبکاتەوە.
لای خۆشیەوە ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، بنەمای دانوستانەکانی ڤیەننا مایەی قبوڵکردنە و بەردەوام دەبێت، بەڵام دانوستانێکیان قبوڵە کە ببێتە ھۆی لابردنی گەمارۆکان و مافەکانی گەلی ئێران دابین بکات.
بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئەمریکا بە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی و پابەندکردنەوەی ئێران بە ڕێککەوتننامەکە، تاوەکو ئێستا شەش گەڕی دانوستانەکانی ڤیەننا بەڕێوەچووە.