هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا هۆشداری لە خراپی رەوشی دارایی ئێستای عیراق دەدات و دەڵێت، بەهۆی زیادبوونی كورتهێنانی بودجەشەوە، حكومەت بیر لە هەڵوەشاندنەوەی بودجەی 2025 دەكاتەوە.
سائیر موخیف، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی رایگەیاند، قەیرانی دارایی راستەقینە لە عیراق هەیە و رەوشی دارایی وڵات لە مەترسیدایە، بەجۆرێك مەترسی لەسەر موچەی موچەخۆران و شایستە داراییەكانی پرۆژەكان هەیە.
ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی قوڵبوونەوەی قەیرانی دارایی، حكومەتی عیراق پەنای بردووە بۆ بژاردەی راكێشانەوە پارەی یەدەگ لە بانكەكان.
بەهۆی قوڵبوونەوەی قەیرانی دارایی عیراق، كۆتاییەكانی مانگی رابردوو حكومەتی فیدراڵ زیاتر لە سێ ترلیۆن دیناری لە هەژماری سیادی وەزارەتی دارایی راكێشا و چەند سەرچاوەیەكی باڵا لە حكومەتەكەش ئاشكرایانكردووە، بەهۆی قوڵبوونەوەی قەیرانە داراییەكانی وڵاتەوە، رەنگە حكومەتی عیراق بوودجەی گشتی 2025 هەڵبوەشێنێتەوە.
ئەوەش لەكاتێكدا بەشێكی زۆر لە لێپرسراوە باڵاكانی عیراق رەتیدەكەنەوە قەیرانی دارایی لە وڵات هەبێت و بە پڕوپاگەندەی بەر لە هەڵبژاردن ستایشی دەكەن.