ڕوانگەی سوریا: لە ٢٤ سەعاتدا ٧ سەربازی سوپای سوریا لە دەرعا کوژراون
کوردسات نیوز
٣١ی ئابی ٢٠٢١
ڕوانگەی سوریا بڵاویکردەوە، گروپە چەکدارەکان ھێرشیان بۆ سەر سوپای سوریا لە ناوچەکانی سەر بە پارێزگای "دەرعا" لە باشوری "سوریا" ئەنجامداوە و بەھۆیەوە ٢ ئەندامیان کوژراون، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردووشدا نزیکەی ٧ سەربازی سوپا کوژراون و ١٢ی تر برینداربوون.
زیاتر لە ٢ مانگە ناوچەکانی "دەرعا" لە شەڕ و ئاڵۆزیدان و ھەزاران مەدەنیش لە نەھامەتیدا دەژین، نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی خۆرئاوا لە نێویشیاندا ئەمریکا نیگەرانییان لە ڕەوشی "دەرعا" دەربڕیوە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش داوای لە حکومەتی سوریا کردووە گەمارۆی سەر ئەو پارێزگایە ھەڵبگرێت و ڕێگەبدات بە گەیاندنی ھاوکارییەکان بۆ ناوچەکە، بێ کۆت و بەند.
دانوستانەکانیش بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ فەرماندەکانی ڕووسیا و لیژنە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی سوریا لە "دەرعا" شکستی ھێناوە.