ئەمریکا: پلانداڕێژەری تەقینەوەکانی کابوڵمان کوشت
کوردسات نیوز
٢٨ی ئابی ٢٠٢١
سوپای ئەمریکا لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ھەرێمی نەنگەھار لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕکەوانەوە ھێرشیان کردووەتە سەر گروپی تیرۆریستی داعش و لە ئەنجامی ھێرشەکەشدا پلانداڕێژەری تەقینەوەکانی نزیک فڕۆکەخانەی کابوڵ کوژراوە.
کۆتایی ھەفتەی ڕابردوو داعش لە نزیک فڕۆکەخانەی کابوڵ دوو تەقینەوەی ئەنجامدا و بەھۆیەوە ١٣ سەربازی ئەمریکی کوژران و ١٨ سەربازی تریش بریندار بوون. بە پێی سەرچاوەکانی ئەفغانستانیش لە تەقینەوەکاندا ١٧٠ کەس کوژراون.
دوای تەقینەوەکانی کابوڵ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، بەرپرسانی تەقینەوەکە دەستگیر دەکەن و دەیانکوژن.