وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا سەرجەم ئەو تۆمەت و دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن، وەفدی هەرێم لە بەغداد داوای دواخستنی ناردنی موچەی مانگی حوزەیرانی کردبێت.
وەزارەتی دارایی رایگەیاند، ماوەی چەند رۆژێکە هەڵمەتێکی چەواشەکارانە لەلایەن بەشێک لە میدیا و پەیجەکانی سۆشیاڵ میدیاوە دەستیپێکردووە. رایدەگەیەنین کە هەرکەس و لایەنێک باسی لەوە کردبێت وەفدی هەرێم داوای نەناردنی موچەی کردووە، درۆ دەکات."
جەختیشیکردەوە کە وەفدی هەرێم و وەزارەتی دارایی پابەندن بە بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە کە موچەی بەدەرکردووە لە سەرجەم کێشە و بابەتە سیاسی و تەکنیکییەکان، بۆیە راگرتن یان دواخستنی موچە بە هیچ پاساوێک قبوڵکراو نییە.
وەزارەتی دارایی ئاشکرایکرد، سەردانی وەفدەکە بۆ بەغداد تایبەت بووە بە گفتوگۆکردن لەسەر ئەم سێ پرسە سەرەکییە، یەکەم، کێشەکانی تایبەت بە گومرگ و قۆناغەکانی جێبەجێکردنی سیستمی (ئەسیکۆدا). دووەم، کێشەکانی تایبەت بە باج و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان. سێههم، کێشەکانی لێخۆشبوونی گومرگی، پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و پرسی کوالیتی کۆنترۆڵ.
پرسی داهاتی ناوخۆ و ناردنی ڕاپۆرتەکان:
سەبارەت بە داهاتی ناوخۆ، وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆبوونەوەیەکی لاوەکیدا لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق گفتوگۆ کراوە، و وەفدی هەرێم داوای کردووە مامەڵەکە بەپێی یاسای بودجە و یاسای ئیدارەدانی دارایی بێت، بە شێوازێک کە (50٪)ی داهاتی ناوخۆ بدرێتە حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە.