سێ ھاوڵاتی ئەفغانی لە فرۆکەیەکەوە کەوتنە خوارەوە
کوردسات نیوز
١٦ی ئابی ٢٠٢١
دیمەنەکان دەری دەخەن کە ئەو سێ کەسە خۆیان بە تایەی یەکێک لە فرۆکەکانی فرۆکەخانەی کابوڵەوە ھەڵواسیوە، بەڵام لە دوای بەرزبونەوەی فرۆکەکە کەوتونەتە خوارەوە .
ئاژانسی ھەواڵی ئاسواکا لە زاری شایەتحاڵانەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەو کەسانە بەسەر ماڵەکاندا بەربونەتەوە و روداوەکە دڵەراوکێ و شڵەژانێکی زۆری لە نێو دانیشتوانی کابولدا دروستکردوە .
لە بەردەوامی ئەو شڵەژاوی و ئالۆزییەی لە دوای کۆنترۆڵکردنی کابول لەلایەن بزوتنەوەی تاڵیبانەوە لە فرۆکەخانەی کابول دروستبوە ، سەر لە بەیانی ئەمرۆش ٥ کەس لەناو فرۆکەخانەکەدا کوژران ، ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز لە زاری چەند شایەتحاڵێکەوە بڵاویکردۆتەوە ، ھۆکاری کوژرانی ئەو کەسانە بەھۆی تەقەکردنی ھێزەکانی ئەمریکاوە بووە کە بۆ دورخستنەوەی ھاوڵاتیە ئەفغانیەکان لە فرۆکەکان تەقەیان کردوە ، بەڵام چەند شایەتحاڵێکی تر باس لەوە دەکەن کە ئەو ٥ کەسە لەکاتی ھەوڵدانیان بۆ سەرکەوتن بۆ فرۆکەکە بەھۆی پاڵنانەوە بەربونەتەوە و گیانیان لەدەستداوە .
تا ئێستاش ھەزاران کەس لە دانیشتوانی کابول لە نێو فرۆکەخانەدا ماونەتەوە و دەیانەوێت لەگەڵ بیانییەکاندا وڵاتەکە جێبھێڵن