نەخۆشی بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیان، بەپێی جۆری نەخۆشییەکە و ئاستەکەشی نیشانەکانی دەگۆڕێت، بەڵام شۆفێریکردن بەهۆی ئەوەی کارێکی هەستیارە و راستەوخۆ پەیوەستە بە ژیانی شۆفێر و سەرنشین و شۆفێرەکانی دیکەوە، بۆیە پێویستە لەکاتی شۆفێریدا کەسەکان لە ئاگایی تەواو و تەندروستییەکی جێگیردا بن.
یەکێک لەو گرفتانەی رووبەڕووی شۆفێران دەبێتەوە هەندێک جار توشبوونە بە نەخۆشییەکانی گوێ یان ئەو جۆرە نەخۆشیانەی دیکەی کاریگەریی لەسەر هۆشی شۆفێر دروست دەکات.
لەوبارەیەوە پێشڕهو بورهان پسپۆڕی نهخۆشییهكانی بیستن و گێژبوون و ئاخاوتن بە رادیۆی رەسمی هاتوچۆی سلێمانی راگەیاندووە، ئەو شۆفێرانەی کێشەی سستی دەمارەکانی گوێیان هەیە پێویستە بیستۆک بەکاربهێنن، ئەگەر لە هەردوو گوێیاندا ئەو گرفتەیان هەیە دەبێت بیستۆک بۆ هەردوو گوێیان بەکار بهێنن.
لەبارەی ئەو کەسانەشی گرفتی ناهاوسەنگی و گێژبوونیان هەیە، رێنماییان دەکات، ئەگەر لەکاتی شۆفێریدا هەستیان بەوە کرد خەریکە گێژ دەبن، ئەوا پێویستە دەستبەجێ لابدەنە لایەکی شەقامەکە بەر لەوەی تەندروستییان بە تەواوی تێک بچێت، تاوەکو هەست بە باشبوون دەکەنەوە و تەندروستیان جێگیر دەبێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر شۆفێران دۆخی تەندروستیان ناجێگیر بوو و هەستیان بەوە کرد زوو زوو تەندروستییان تێک دەچێت، ئەوا باشترین رێنمایی ئەوەیە، بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و سەرنشینان و شۆفێرانی دیکەی سەر شەقام، تاوەکو بەرەو باشبوون دەچن شۆفێری نەکەن.