دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم لە ماوەی چەند رۆژی رابردودا، ئاگر لە سنوری گوندی زەڵمی هەورامان کەوتەوە، دوای ئەوەی روبەڕێکی زۆری پوشوپاوان و درەخت سوتان، توانرا لەلایەن هاووڵاتییانی و تیمەکانی بەرگریی شارساتنی خورماڵەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت.
لەبارەی ئاگرەکەوە، سەرچاوەیەکی تایبەتی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، گومانیان هەیە ئاگرەکەی زەڵم بەدەست ئەنقەست کرابێتەوە و لێکۆڵینەوەش لە روداوەکە بەردەوامە.
لای خۆشیەوە، بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ بە پەیامنێری کوردسات نیوزی راگەیاند، ئاگرکەوتنەوەی سنوری گوندی زەڵم سروشتی نییە و بەیانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندایدارەکان بەمەیدانی دەچنە شوێن ئاگرەکە و بەدواداچونی بۆ دەکەن.
"گومان دەکرێت ئاگرەکە لەلایەن دوو ماتۆرسکیلەوە کرابیتەوە و لێکۆڵینەوەیان لە روداوەکە دەستپێکردوە"، ئەمەش لێدوانی وتەبێژی پۆلیسی بەرگریی شارستانی هەڵەبجەیە بۆ کوردسات نیوز.
جێی باسە ئەمە دووەم جارە ئاگر لەو سنورە بکەوێتەوە، لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا و رۆژی پێنجشەممەی رابردووش بە هەمان شێوە ئاگر کەوتوەوە و دوای چەندین سەعات بەهۆی فراوانی ئاگرەکەوە لە لایەن هاووڵاتیانی ناوچەکە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی بە زەحمەت توانرا کۆنتڕۆڵ بکرێت.