ئەمڕۆ چوارشەممە، مووەفەق تەریف، سەرۆکی ڕۆحیی دروزەکانی ئیسرائیل، لە راگەیەندراوێکدا داوای لە دروزەکانی سوریا کردووە ئارام بگرن و دڵنیای کردنەوە کە "دۆخەکە کۆنترۆڵ کراوە".
تەریف لە راگەیەندراوەکەیدا جەختی کردەوە کە "رێگە بە هیچ کەسێک نادەین دەست بۆ دروزەکان درێژ بکات و بێڕێزیان بەرانبەر بکات" و وتیشی: "ئیسرائیل، سوپا و جیهان لە پشتمانن".
سەرۆکی رۆحیی دروزەکان ئاشکرای کرد کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رێنمایی تایبەتی لە بارەی سوریاوە دەرکردووە و ئاماژەی بەوەش کرد کە "بەم زووانە گۆڕانکارییەکی گەورە رو دەدات".
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە هەر ئەمڕۆ نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لە شارۆچکەی سەحنای نزیک دیمەشق، هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر گرووپێکی توندڕەو کە ئامادەکارییان کردبوو بۆ هێرشکردنە سەر دروزەکان.
راگەیەندراوەکە هەروەها باسی لەوەش کردبوو کە پەیامێکی رونیان بۆ رژێمی سوریا ناردووە، کە ئیسرائیل بە هەموو شێوەیەک پارێزگاری لە دروزەکانی سوریا دەکات.
شایەنی باسە، دوێنێ سێشەممە، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای کردبوو کە شەوی دوشەممە لە شاری جەرمانەی نزیک دیمەشق، شەڕ و پێکدادان لە نێوان کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی سوریا لەگەڵ چەکدارانی دروز روی داوە و لە ئەنجامدا لانی کەم 14 کەس کوژراون، کە حەوتیان دروز بوون.
ئەم روداوانە لە دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە دێن، کە چاودێران پێیان وایە گرژییەکان لە نێوان ئیسرائیل و سوریادا بەرەو هەڵکشان دەچن.