پەروین بوڵدان بۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا: کورد بە تەنھا نییە
کوردسات نیوز
٣١ی تەمووزی ٢٠٢١
پەروین بوڵدان لە شاری ئیستانبۆل لە دووەمین کۆنگرەی ئاسایی کۆمەڵەی پشتیوانی و ھاوکاریکردنی ئەو خێزانانەی کەسوکاریان بێسەرۆشوێنن، وتارێکی پێشکێشکرد و لە بارەی کوشتنی ٧ ئەندامانی خێزانێکی کورد لە کونیا، داوای دەست لە کار کێشانەوەی لە بەرپرسانی حکومەت کرد.
وتیشی، لە بەرامبەر ئەو ھێرشانەی نەتەوەپەرەستەکان لە دژی ھاوڵاتیانی کورد، پێویستە کورد یەکڕیز بێت و دەسەڵاتدارانی تورکیاش بزانن کە کورد بە تەنھا نییە و دەبێت ھەموو گەلی کوردیش لە بەرامبەر ئەو جۆرە ھێرشانە خاوەن ھەڵوێست بن.
ھاوسەرۆکی ھەدەپە جەختیشیکردەوە، لەسەر ئەو ڕووداوە پێویستە پارێزگار و قایمقام و بەرپرسانی ئەمنی ئەو ناوچەیە دەست لە کار بکێشنەوە بە وەزیری ناوخۆی تورکیاشەوە.