بەلەمێکی کۆچبەران لە نزیک دوورگەی لیسبۆسی یۆنان ژێرئاو کەوت
کوردسات نیوز
٣٠ی تەمووزی ٢٠٢١
دەسەڵاتدارانی یۆنان رایانگەیاند، بەلەمەکە لە ئاوە ھەرێمییەکانی تورکیا ژێرئاو کەوتووەو یەکێک لە کۆچبەرەکان بە مەلە خۆی گەیاندۆتە ئاوە ھەرێمییەکانی یۆنان و دواتریش ھێزی دەریایی یۆنان توانیویانە ٩ کۆچبەری تر رزگاربکەن .
ئاماژەیان بەوەشکرد، بەلەمەکە پلاستیکی بووەو ئاژانسی سنوری ئەوروپاو ھەلیکۆپتەرێک و دوو فرۆکە و کەشتییەکیش بەشدارییان کردووە لە گەڕان بەدوای بێسەروشوێن بووەکاندا و ھێزی دەریای تورکیاش لە رووداوەکە ئاگادارکراوەتەوە.
بەوتەی رزگاربووەکانیش ، بەلەمەکەیان ١٣ کەسی تێدا بووە بەڵام تا ئێستا رەگەزنامەکانیان ئاشکرا نەکراوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە لە ٢٢ی ئەم مانگەدا بەلەمێکی تری کۆچبەران بە ٥٥ سەرنشینەوە لە دەریای ئیجە ژێر ئاو کەوت و تا ئێستا چارەنوسی ١٤ کۆچبەریان نادیارە کە ژمارەیەکیان کوردن.