بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی شەرقل ئەوسەت، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، ئەم دواییانە جوڵەکانی دەستپێکردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی کارمەندانی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی خێرای بە فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە کردووە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت چاپی لەندەن لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاوی کردۆتەوە، سەرۆک وەزیران نوێنەرانی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی بینیوە و گفتوگۆی لەگەڵیاندا کردووە.
داخوازی ئەمەریکا بۆ چارەسەری کێشەکە:
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە حکومەتی ئەمەریکا داوای لە هەردوو لایەن کردووە کە لە زووترین کاتدا کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن و پابەند بن بە رادەستکردنی شایستەی دارایی بە یەکتری.
وەستاندنی ناردنی مووچە لەلایەن بەغدادەوە:
رۆژی 28ـی ئایاری 2025، تەیف سامی وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵی عیراق بە نوسراوێکی رەسمی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانی ئاگادار کردەوە کە چیتر ئامادە نییە مووچەی کارمەندانی هەرێم بنێرێت.
وەزیری دارایی بەم هۆکارە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نانێرێت:
- خەرجکردنی تەواوی تەرخانکراوی دارایی و شایستەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵانی 2023،2024 و 2025
- پابەند نەبوونی هەرێمی کوردستان بە ناردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی بۆ خەزێنەی گشتی
کاردانەوەی هەرێمی کوردستان:
نوسراوەکەی وەزیری دارایی کاردانەوەی گەورەی لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان لێکەوتەوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، بەناوی فراکسیۆنە کوردستانییەکانەوە هەڕەشەی بایکۆتکردنی بەغدادی کرد.
-دواتر هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە لێدوانێكدا بە كوردسات نیوزی راگەیاند، بڕیارەكەی تەیف سامی وەزیری دارایی نایاساییە و دژی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵییە.
دواتر مەکتەبی سیاسی پارتی لە رایگەیاند:
- ئەگەر تا پێش جەژنی قوربانی مووچەی کارمەندانی هەرێمی کوردستان نەنێردرێت، هەڵوێستی یەکلاکەرەوەیان دەبێت
کۆبوونەوەی هاوبەشی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم:
ئەمڕۆش پارتی دیموکراتی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی لە پیرمام لەگەڵ ژمارەیەک لایەنی سیاسی کۆبۆتەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر هەڵوێستی پێویست لەم دۆخەدا.