بەلەمێکی کۆچبەران بە ٤٥ سەرنشینەوە لەدەریای ئیجە نقوم بوو
کوردسات نیوز
٢٣ی تەمووزی ٢٠٢١
رەوا بابان نوێنەری یەکێتی لە یۆنان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئێوارەی پێنج شەممە بەلەمێک بە ٤٥ کۆچبەرەوە، کە زۆرینەیان خەڵکی ھەرێمی کوردستانن لە تورکیاوە بەرەو یۆنان بەڕێکەوت و لە نزیک دورگەی "کریتی" سەر بە یۆنان بەھۆی شەپۆلی ئاوەوە یەختەکەیان ژێر ئاو کەوت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەو ٤٥ کۆچبەرە نۆ کەسیان تا ئێستا بێسەروشوێنن و ٣٦ کەسی تریشیان رزگارکراون، ژمارەیەک لە رزگارکراوەکان کوردی شارەکانی ھەرێمن و تا ئێستا نازانرێت لەناو بێسەروشوێنەکان کورد ھەیە یاخود نا.
نوێنەری یەکێتی لە یۆنان وتیشی، گەڕان بە دوای بێسەروشوێنەکان بەردەوامە و ئەمڕۆش پۆلیسی دەریاوانی یۆنان بە کۆپتەر و کەشتی گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانە ئەنجام دەدات.