ئەگەر لە رابردوودا ئەوەت لە کەسێکەوە ببیستایە منداڵێک لە تەمەنی 30 ساڵیدا لەدایک دەبێت رەنگە بە توشبووی نەخۆشییە دەروونییەکان لێت بڕوانیانە، بەڵام ئێستا زانست ئەوەی تێپەڕاندووە و بۆ یەکەمجار لە مێژوودا منداڵێک لە تەمەنی 30 ساڵ و 9 مانگدا لەدایک بوو.
سادیوس دانیاڵ بێرس؛ ئەو منداڵە 30 ساڵ و 9 مانگەیە کە ناسناوی بەتەمەنترین منداڵی پێ بەخشراوە، بەڵام چۆن ئەوە روویدا؟
گۆڤاری MIT Technology Review راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، دانیاڵ رۆژی 26ی ئەم مانگە لەدایک و باوکێک لەدایکبووە کە لەرووی بایۆلۆجییەوە کەمتر لە پێنج ساڵیان لەنێواندایە.
سادیوس دانیاڵ پێرس، لە ساڵی 1994دا بە پیتێنراوی و لە قۆناغی کۆرپەلەییدا هەڵگیراوە، تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو لە منداڵدانی لیندسی پێرسدا چێنراوە و رۆژی 26ی ئەم مانگە بە سەرکەوتوویی لەدایک بوو.
"سەخت بوو.. بەڵام ئێستا ئێمە باشین"
لیندسی دەڵێت: سەخت بوو، بەڵام ئێستا هەردووکمان باشین، زۆر خۆشحاڵم کە ئەم منداڵە بەنرخەمان هەیە.
تیم پێرس، باوکی ئێستای دانیاڵ دەڵێت: ئەم کۆرپەلەیەیان لە ژنێک بە ناوی لیندا ئارچێرد لە خۆگرت.
ئێستا لیندا کە دایکی بایۆلۆجی دانیاڵە تەمەنی 62 ساڵە و باس لەوە دەکات، ئەوە وەک خەون وابووە.
چیرۆکەکە چۆن دەستی پێ کرد؟
چیرۆکی ئەم لەدایکبوونە مێژووییە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 90کان، کاتێک لیندا ئارچێرد بۆ شەش ساڵی لەسەریەک شکست دەهێنێت لە هەوڵەکانی دووگیانبوون، لەگەڵ هاوسەرەکەیدا ئەوکاتە بڕیاردەدەن کە منداڵ بە تەکنەلۆجیای IFV دروست بکەن.
تەکنەلۆجیای IFV، تەکنەلۆجیایەکە؛ کە لە تاقیگەدا "تۆ و هێلکە"ی دایک و باوک دەپیتێنرێت و دواتر لە منداڵدانی دایکدا دەچێنرێتەوە، ئەمەش هاوکارێکی باشی ئەو خێزانانەیە بەدەست گرفتی نەزۆکییەوە دەناڵێنن.
ئەو زانستە بۆ ئەو کاتە زۆر نوێ بوو، خەڵکانێکی کەم بڕوایان پێی هەبوو، لیندا دەڵێت: خەڵک بە سەرسامییەوە پێیان دەوتین ئەوە ئێوە چی دەکەن؟!
"خاوەنی کچێکی 30 ساڵان و کچەزایەکی 10 ساڵانن"
لە ساڵی 1994دا لیندا و هاوسەرەکەی بڕیار دەدەن بەوەی چوار هێلکە لە تاقیگەدا بپیتێنن و چوار کۆرپەلە دروست بکەن، کە یەکێکیان لە منداڵدانی لیندادا چێنرایەوە و ئێستا ئەوان خاوەنی کچێکی 30 ساڵان و کچەزایەکی 10 ساڵانن. سێ کۆرپەلەکەی دیکەش بە بەستوویی کۆگا کران و لە تاقیگەدا پارێزران.
"سێ خۆزگەکەی من"
لیندا لە درێژەی گێڕانەوەی چیرۆکەکەیدا باسی لەوەکرد: من هەمیشە منداڵێکی دیکەشم دەویست، دەمویست هەموو کۆرپەلەکانم خۆم بیانهێنمە دنیاوە، بەوانم دەوت سێ خۆزگەکەی من. بەڵام شتەکان گۆڕان و من لە هاوسەرەکەم جیابوومەوە، هەمیشەش هیوام دەخواست بتوانم ئەو کۆرپەلانەم بە هاوبەشی لەگەڵ هاوسەرێکی دیکە بهێنمە دنیاوە. ئەوەی جێگای خۆشحاڵیم بوو لە دادگا مافی سەرپەرشتیکردنی ئەوانم بەدەست هێنا، ئەگەر چی تێچووی هەڵگرتنیان لە تاقیگە زۆر بوو و ساڵ بە ساڵیش زیاد دەبوو، بەڵام خۆشحاڵ بووم، پێم وابوو ئەوە کارە راستەکەیە کە دەیکەم.
"چیتر نەمدەتوانی بیانهێنمە دنیاوە.. بەڵام نەشم دەویست لەدەستیان بدەم"
بەردەوام بوو و وتی: پێویستم بە ئامادەبوون بوو بۆ هێنانە دنیای ئەوان، بەڵام کەوتمە قۆناغی وەستانی سوڕی مانگانەم، چیتر نەمدەتوانی کۆرپەکانم بهێنمە دنیا، بەڵام نەشم دەویست لەدەستیان بدەم. ئەوان لە بۆماوەیی منن، خوشک و برای ئەو کچەمن کە هێناومەتە دنیا". بۆیە بڕیارمدا بەدوای دایک و باوکێکدا بگەڕێم ئەوانم بۆ بهێننە دونیاوە.
لیندا رێگاکەی درێژ بوو، ئەو کۆرپەلانەی ئەو لە تاقیگەدا پاراستبوونی بە سیستمی کۆن کۆگا کرابوون کە بە تەواوی کۆک نەبوو لەگەڵ سیستمی نوێدا، بۆیە دۆزینەوەی دوو هاوسەر بۆ ئەو ئاسان نەبوو، تا لە کۆتاییدا توانی لەرێگای پڕۆگرامێکەوە دوو هاوسەر بدۆزێتەوە کە ناویان نووسیبوو بۆ لەخۆگرتنی منداڵ، ئەوانیش لیندسی و تیم بوون.
"دانیاڵ هیوای بۆ دوو خێزان گەڕاندەوە"
لیندسی 34 ساڵ و تیمی 35 ساڵ، بۆ ماوەی حەوت ساڵی لەسەر یەک شکستیان هێنابوو لە بوون بە دایک و باوک، بەڵام دانیاڵ جگە لە گێڕانەوەی هیوا بۆ لیندا، هیوای بۆ دایک و باوکە نوێیەکەشی گێڕایەوە.
لە رووی بایۆلۆجییەوە تەمەنی دانیاڵ لەگەڵ دایک و باوکە نوێیەکەیدا جیاوازییەکەی تەنها 4 بۆ 5 ساڵە، بەڵام زانست ئەو خەونەشی بەدی هێناوە.
چی بەسەر دوو خۆزگەکەی دیکەی لیندا ئاڕچێڵدا هات؟
لیندا ئاڕچێرد بە کۆرپەلەکانی دەوت سێ خۆزگەکەم، ئەگەرچی بڕیاربوو هەرسێ کۆرپەلەکە لە هێلکەدانی لیندسیدا بچێنرێن، بەڵام دوای پرۆسەی خاوکردنەوەیان یەکێکیان لە گەشە وەستا، لە 14ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا دوو کۆرپەلەکەی دیکە لە هێلکەدانی لیندسیدا چێنران، تا لە کۆتاییدا یەکێکیان بە سەرکەوتوویی گەشەی کرد و ئێستاش ماوەی سێ رۆژە هاتووەتە دنیاوە و منداڵیکی تەندروستە.
وێنەی دایک و باوکە نوێیەکەی دانیاڵ لە رۆژی چاندنەوەی کۆرپەلەکە لە هێلکەدانی لیندسی پێرسدا

"کە بۆ یەکەمجار وێنەکەیم بینی سەرنجی یەک شتم دا"
لیندا دەڵێت: کاتێک بۆ یەکەمجار وێنەکەیم بینی سەرنجی یەک شتم دا، دانیاڵ زۆر لە خوشکەکەی دەچێت، ئەویش کە لەدایکبوو هەمان شێوەی هەبوو.
باسی لەوەشکردووە، بینینی دانیاڵ وەک ئەوە وایە خەونێکی بەدی هاتبێت.
لیندسی دایکە نویەکەی دانیاڵیش ئاماژەی بەوەکردووە: ئێمە نەماندەویست هیچ ریکۆردێکی جیهانی بشکێنین، تەنها دەمانویست ببین بە خاوەنی منداڵێک.
وێنەی لیندا ئاڕچێرد؛ دایکی بایۆلۆجی دانیاڵ
