ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی بە ئاهەنگگێڕانی بەرفراوان کرد بە بۆنەی تێپەڕبوونی 250 ساڵ بەسەر راگەیاندنی سەربەخۆیی وڵاتەکەیدا، لەو چوارچێوەیەشدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکدا رایگەیاند، وڵاتەکەی پێدەنێتە نێو "سەردەمێکی زێڕین"ەوە.
ترەمپ لە میانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی (سڵاو لە ئەمریکای 250) کە لە گۆڕەپانی نیشتمانی لە واشنتنۆی پایتەخت بەڕێوەچوو، جەختی لەوەکردەوە، هێزی ئەمریکا جێگەی شانازییە نەک شەرمەزاربوون، وتارەکەی سەرۆکی ئەمریکا بەهۆی خراپیی کەشوهەوا و بارانبارینی بەخوڕەوە بۆ ماوەی نزیکەی دوو سەعات دواکەوت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەزاران کەس لە شوێنی ئاهەنگەکە مانەوە تا گوێبیستی وتارەکەی بن کە تێیدا میلانیا ترەمپی خانمی یەکەمیش یاوەری دەکرد.
ترەمپ رایگەیاند، سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو سەدە و نیو، ئەمریکا هێشتا لە سەرەتای رێگەدایە و وتی: "رەنگە کۆنترین کۆماری دەستوری بین لەسەر زەوی، بەڵام هێشتا باشترینی ئەمریکا نەهاتووەتە دی."
سەرۆکی ئەمریکا داوای پاراستنی باڵادەستیی وڵاتەکەی کرد لە بوارەکانی سەربازی و بۆشایی ئاسماندا و دووپاتیکردەوە کە ئەمریکا لە ساڵانی داهاتوودا گەورەتر، باشتر و بەهێزتر دەبێت.
ترەمپ رەخنەی لە سیاسەتەکانی پێشوو گرت بۆ داوای لێبووردن لە هێزی ئەمریکا و وتی: "هێز و هەژموونی ئەمریکا پێویستی بە داوای لێبووردن نییە، ئێمە گەورەترین هێزی بەدیهێنەری ئاشتی و دادپەروەری بووین لە سەدەی رابردوودا، ستەمکارانمان شکست پێهێنا و ئازادیمان پاراست."