کەیسی مێرمنداڵێکی لبنانی بە ناوی "ماتیاس حەبیب" کە لە 22ی نیسانی 2026 لە تەمەنی 15 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، دە دەروازەیەکی نوێی لەبارەی بەرپرسیارێتی کۆمپانیاکانی ژیریی دەستکرد بەرانبەر سەلامەتی بەکارهێنەران، بەتایبەت منداڵان و مێرمنداڵان کردووەتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی خێزانەکەی داوایەکی یاساییان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دژی کۆمپانیای "OpenAI" و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە "سام ئاڵتمان" تۆمارکرد و تێیدا "ChatGPT"یان تۆمەتبار کرد بەوەی هۆکار بووە لە گیانلەدەستدانی کوڕەکەیاندا.
بەپێی گێڕانەوەی خێزانەکەی و ئەوەی لە پەڕاوی دادگادا هاتوو، سەرەتای ئاخاوتنەکانی ماتیاس لەگەڵ ChatGPT بۆ مەبەستی خوێندن و حەزە کەسییەکانی بووە، بەڵام لە مانگەکانی کۆتایی ژیانیدا ئاڕاستەی قسەکان گۆڕاوە بەرەو بابەتی فەلسەفی و گەیشتووەتە ئاستی گفتوگۆکردن لەسەر بیرۆکەی کۆتاییهێنان بە ژیان.
لە ئەرکی قوتابخانەوە بۆ پرسیارە فەلسەفییەکان
شەربەل حەبیب، باوکی ماتیاس، ئاماژەی بەوە کرد کە کوڕەکەی لە خوێندنەکەیدا ژێرکەوتوو و لێهاتوو بووە، لای هاوڕێکانی خۆشەویست بووە و حەزی لە ژەنینی گیتار، وێنەکێشان و پیاسەکردن بووە لە سروشتدا، هەروەها رەتیکردەوە کە خێزانەکەی پێشتر هیچ نیشانەیەکی تێکچوونی دەروونییان لە کوڕەکەیاندا بینیبێت.
باوکی ماتیاس باسی لەوە کرد کە بەکارهێنانی ChatGPT لەلایەن کوڕەکەیەوە لە چوارچێوەی ئەرکی قوتابخانە و پرسیارکردن لەبارەی پەڕتووکەکان بووە، بەڵام لە سێ مانگی کۆتاییدا رەوتی گفتوگۆکان گۆڕاوە بۆ بابەتی فەلسەفیی پەیوەست بە فەیلەسوفانی وەک فریدریش نیچە، ئالبێر کامۆ، ئەپیکۆر و ئارپۆر شۆپنهاوەر، لەگەڵ چەمکەکانی پووچگەڕایی و مانای ژیان و مرگ.
باوکی پێی وایە بەرنامەکە هاوکار بووە لە بەرفراوانکردنی ئەم گفتوگۆیانە بۆ ئاستێکی هەستیار کە گونجاو نەبووە لەگەڵ تەمەنەکەیدا.
داوای یاسایی لە کالیفۆرنیا
خێزانی ماتیاس لە دادگای باڵای ویلایەتی کالیفۆرنیا لە سان فرانسیسکۆ لە رێگەی دوو ناوەندی یاساییەوە ("Social Media Victims Law Center" و "Tech Justice Law Project") داوایەکیان دژی کۆمپانیای OpenAI تۆمار کردووە.
باوکی ماتیاس جەختی کردەوە کە ئامانجی سەرەکییان وەرگرتنی قەرەبووی دارایی نییە، بەڵکو گوشارخستنە سەر کۆمپانیاکانە بۆ راگرتنی گفتوگۆی چاتبوتەکان لەگەڵ بەکارهێنەرانی تەمەن ژێر پێگەیشتوو (کەمپێگەیشتووان)، تا ئەو کاتەی سەلامەتیی ئەم سیستمەنە لەلایەن لایەنی پسپۆڕ و باوەڕپێکراوەوە دەسەلمێنرێت، هەروەها دابینکردنی میکانیزمی چاودێری و پاراستنی بەکارهێنەران لە کاتی دەرکەوتنی ئاماژەکانی مەترسیدا.