دەقی پەیامەکە :
بەڕێز : جەنابی کاک کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
سڵاوێکی گەرم..
بە بۆنەی یادی٤٦ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزتان و ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەین ، ئومێدەوارین ئەم یادە ھاندەر بێ بۆ پتر پێشکەوتنی تێکۆشانی یەکێتی و بەرجەستەکردنی یەکڕیزیی کوردستانی و بەدیھێنانی ماف و داخوازییەکانی گەلەلەکەمان .
یادی ٤٦ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کاتێ دایە ، کە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، عێراق و کوردستان بە دۆخێکی سیاسی ناجێگیر و ھەستیار و ئاڵۆز تێپەڕ دەبێت ، لەو پێوەندەدا باشووری کوردستانیش لە سۆنگەی نەبوونی کۆدەنگی سیاسی و کارنامەیەکی ھاوبەش، رۆژ لە دوای رۆژ کێشەکانی لەسەر یەک کەلەکە دەکات ، ھاوکات کێشە ھەلپەسێردراوەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق بێ چارەسەر ماونەتەوە و ناوچە دابڕێندراوەکان لەگەڵ ھەڕەشەی تیرۆر و سیاسەتێکی نوێی تەعریبکردن بەرەو ڕوو بۆتەوە ، بۆیە حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ڕوانگەی درککردن بە بەرپرسیارێتی، ھێنانەئارای کەشێکی ئارام و یەکدی قەبووڵکردن بە ئەرکی ھەمووان دەزانێ و بەھێزکردنی پەیوەندی لە نێوان حزبە سیاسییەکانی کوردستان ، وەک پێویستییەکی ھەنووکەیی قۆناخەکە و بەرنگاربوونەوەی ئالنگاریەکان لێکدەداتەوە.
ھەر لەم بۆنەیەدا ، وێڕای تەندروستی باش بۆ جەنابتان و پیرۆزبایی دووبارەمان ، جەخت لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندی دۆستانەی نێوان حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەینەوە.
دەقی پەیامەکە :
ھەردوو ھاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
(بافڵ تاڵەبانی لاھور شێخ جەنگی) بەڕێز
سڵاوێکی گەرم :
بە بۆنەی یادی چل و شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە لە ڕۆژی یەکی حوزەیراندا و بە بۆنەی چل و پێنجەمین ساڵیادی ھەڵگیرسانی شۆڕشی نوێ لە کوردستانی عێراق بە سەرۆکایەتی سەرۆکی کۆچکردووە جەلال تاڵەبانی ، مەکتەبی سیاسی حیزبمان (پارتی دیموکراتی پێشکەوتوخوازی کوردی لە سوریا) لە دڵەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و کادیران و لایەنگرانی خەباتگێڕی یەکێتی دەکات .
برایانی خۆشەویست :
گومانی تێدا نیە کە دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بارودۆخێکی سەخت و پڕ لە ئاستەنگی گەورە و لە دوای نسکۆکەی پاش ڕێککەوتنە شوومەکەی جەزائیری ساڵی ١٩٧٥دا ھاتە ئاراوە . بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بروسکەسەک بوو کە بووە ھۆی ھەڵگیرسانی بڵێسەی شۆڕشێکی نوێ و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا ھەموو شاخەکانی کوردستانی عێراق و شار و شارۆچکەکانی گرتەوە و بزوێنەرەکەشی خوێنی شەھیدان و فرمێکی بێ دایک و باوکەکان و بێوەژنەکان و دایکانی جەرگ سوتاو بوو، ھەموو ئەو قوربانیە مەزنانە و بە کۆششکی ھەموو ھێزە سیاسیەکان و ھاوپەیمانییان لە یەک بەرەدا و بە پشتیوانی نێودەوڵەتی بوونە ھۆی ئەوەی کە گەلەکەمان لە بەشێکی کوردستاندا ئازادی و شکۆمەندی خۆی بەدەستبھێنێت و قەوارەی فیدرالی خۆی دروست بکات لەسەر پاشماوەی داروپەردووی ڕژێمی فاشی لە بەغداد و دادگاییکردنی سەرانی و گەیشتنیان بە سزای ڕەوای خۆیان لە پێش ھەمووشیانەوە سەدام حسێنی خوێن ڕێژ.
ھەڤاڵانی تێکۆشەر :
ئێمە ھەست بە شانازی دەکەین و لەگەڵتاندا بەشدارین لە زیندوکردنەوەی دەستپێکە مێژوییە کە حیزبەکەمان و سەرکردایەتیەکەی بەو توانایەی کە لەبەردەستیاندا بوو ڕۆڵێکی دیاریان تێدا ھەبوو، تەنانەت ھەڤاڵی کۆچکردوو (عبدالحمید دەروێش) بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەو حیزبە لەقەڵەم دەدرێت، ئەوە جگە لە شانازیکردنمان بە پەیوەندی دێرینی نێوان ھەردوو حیزبەکەمان کە میژووەکەی زیاد لە نیو سەدەیە و سەرۆکی کۆچکردوش مام جەلال بە شێوەیەکی چالاکانە بەشداریکرد لە دامەزراندنی حیزبەکەمان و لە ساڵی (١٩٥٧) پشتیوانی لە دامەزرێنەرەکانی کرد و لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە تایبەتمەندی ھەردوولا و سەربەخۆیی لە بڕیاری سیاسی پەرەی سەند و گەشەی کرد و لە میانەی سەردانی وەفدێکی حیزبەکەمان بۆ سلێمانی لەسەر بانگھێشتنامەیەکی ڕەسمی ھاوسەرۆکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سەرەتای مانگی ئازاری ڕابردوودا جەختیان لە گرنگی پتەوکردنی ئەو پەیوەندییە مێژوییەی کە ھەردوولا کردەوە .
بەو بۆنەیەوە خۆشحاڵین کە سەرلەنوێ پابەندیمان بەو پەیوەندییەوە ڕابگەیەنین کە ھەردوو سەرۆکی کۆچکردوو مام جەلال و کاک حەمید) دایانمەزراند و پێویستە ئەو پەیوەندییە پتەوتر بکرێت بە جۆرێک لە خزمەتی خەباتی گەلەکەمان و پرسە ڕەواکەیدا بێت.
لە کۆتاییدا لە ساڵیادی دامەزراندنی ئەو حیزبە تێکۆشەرەدا سڵاوی گەرمتان ئاراستە دەکەین و نەمری و سەربەرزی بۆ شەھیدانمان.