"ئەمساڵ 69 حاڵەتی هەوكردنی پەردەی مێشكی منداڵ لە سلێمانی تۆماركراون"
ئوسامە ئەبوبەکر
٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
لەمساڵدا 69 حاڵەتی هەوكردنی پەردەی مێشكی منداڵ لە سلێمانی تۆمارکراوە و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێركاری دەڵێت، "ئەمە نەخۆشییەکی نوێ نییە و خۆشبەختانە لە هەرێمی كوردستان لە سلێمانی بەتایبەتی رێژەكەی زۆر كەمە و ئاساییە".
د.كۆیان زاهیر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێركاری رایگەیاند، ساڵانە دەیان حاڵەتی هەوكردنی پەردەی مێشكی منداڵ تۆماردەكرێن و چارەسەر دەكرێن و ئەوە نەخۆشیەكی نوێ نییە و هۆكارەكەی یاخود بەكتریاییە یان ڤایرۆسیە زۆرینەی جۆرەكانی ڤایرۆسییە و نەخۆشەكە خۆی چاك دەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، لەماوەی ئەمساڵدا لە نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان لە سلێمانی، 61 نەخۆشی ڤایرۆسی و 8 تووشبووی بەكتریایی هەوكردنی پەردەی مێشك هەبووە و سەرجەمیان چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە، هەروەها دەستنیشانكردنی نەخۆشیەكە لەڕێگەی دەركردنی ئاوی پشتەوە دەبێت و نیشانەكانی بریتیە لە لەرز و تا و سەرئێشە و بەرچاو تەڵخبوون و لە منداڵی بچووك تای بەهێزی دەبێت و ناتوانێت شیر بخوات.
د.كۆیان دەشڵێت، زۆربوونی رێژەی هەوكردنی پەردەی مێشكی مناڵ لە ناوەڕاست و باشووری عیراق ترسی لای هاووڵاتیان دروست كردووە و خۆشبەختانە لە هەرێمی كوردستان لە سلێمانی بەتایبەتی رێژەكەی زۆر كەمە و ئاساییە و ساڵانی رابردوو نەخۆشیەكە هەبووە و لە ئایندە بەردەوام دەبێت و نەخۆشیەكە ناگاتە ئاستی بڵاوبوونەوەی زۆر بە شار و قوتابخانەكان و دایەنگەكان.


