دەستەی گشتیی گومرگی عیراق رایگەیاند، داهاتی کۆکراوەی رسوماتی بەرهەمهێنان لە سەرەتای ساڵەوە 69 ملیار دیناری تێپەڕاندوە.

سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگ رایگەیاند،  کۆی گشتیی داهاتی کۆکراوە لە رسوماتی بەرهەمهێنان لە ماوەی ئەمساڵدا شەست و نۆ ملیار  و 733 ملیۆن دیناری تێپەڕاندوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەکردووە،  دەستەی گشتیی گومرگ بە گوێرەی یاسا و رێنماییە بەرکارەکان و لە چوارچێوەی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیدا رسوماتی بەرهەمهێنان وەردەگرێت، بە شێوەیەک کە مافە داراییە دیاریکراوەکان بۆ گەنجینەی دەوڵەت مسۆگەر بکات.

بەڕێوەبەری گشتیی دەستەکە رونیشی کردووەتەوە، کە رسوماتی بەرهەمهێنان یەکێکە لە سەرچاوەکانی داهاتی نانەوتی و ئەو بڕە پارانەی کۆدەکرێنەوە لە چوارچێوەی ئەو داهاتانەدان کە دەستەکە بۆ پاڵپشتیکردنی گەنجینەی گشتیی دەوڵەت دابینی دەکات.

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی عیراق ئاماژەی بەوەشکردوە،  بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی مافە داراییەکانی دەوڵەت، بە جۆرێک کە لەگەڵ ئاراستەکانی حکومەت بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات، بەهێزکردنی سەرچاوە داراییەکان و پشتیوانیکردنی ئابوریی نیشتمانیدا یەک بگرێتەوە.