فیفا دەیەوێت ئەو خەڵاتەی ساڵی پار بە ناوی خەڵاتی فیفا بۆ ئاشتی درایە دۆناڵد ترەمپ هەڵبوەشێنێتەوە یان گۆڕانکاری تێدا بکات.

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا) سەرقاڵی پێداچونەوەیە بە چارەنوسی ئەو خەڵاتی ئاشتییەی کە ساڵی رابردوو لە رێوڕەسمی  تیروپشکی مۆندیالی 2026 لە واشنتۆن لەلایەن جیانی ئینفانتینۆوە بەخشرایە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا.

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت، کە بەخشینی خەڵاتەکە بەهۆی پەیوەندییە نزیکەکانی ئینفانتینۆ لەگەڵ ترەمپ و پرسیارکردن لەسەر بێلایەنیی سیاسیی فیفا، رەخنە و ناڕەزایەتییەکی زۆری لە ناوخۆ و دەرەوەی فیدراسیۆنەکە لێکەوتەوە.

رۆژنامەکە دەڵێت؛ پێدانی ئەو خەڵاتە بە دۆناڵد ترەمپ نیگەرانی زۆری لێکەوتوەتەوە بە جۆرێک، کە لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی فیفادا ژمارەیەک لە ئەندامان داوای هەڵوەشاندنەوەیان کردووە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە،  لە ئێستادا فیفا بەجددی تاوتوێی دوو بژاردە دەکات کە بریتین لە هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکیی خەڵاتەکە یان گۆڕینی ناوەڕۆکەکەی و دورخستنەوەی لە سیاسەت و سیاسەتمەداران.

ئەمە لە کاتێکدایە،  یەکێتیی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ لە  5ی کانونی یەکەمی 2025دا یەکەمین خەڵاتی ئاشتیی فیفای بەخشییە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئەوکات سەرەڕای نارەزایەتییەکان،  ترەمپ لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا بە یەکێک لە گەورەترین شانازییەکانی ژیانی ناوی برد.