لە میانی کۆبونەوەی لەگەڵ  قاسم عەبودی،  موحسین رەزایی هۆشداری داوە لە دەستوەردانی بێگانە لە پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان تاران و بەغداد

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە میانەی کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق رایگەیاند،  نابێت رێگە بدرێت لایەنە بیانییەکان کاریگەریی نەرێنی لەسەر هاوکارییە ئابورییەکانی نێوان ئێران و عیراق دروست بکەن.

رەزایی ئاماژەی بەوەکردوە، کە بونی عیراقێکی سەربەخۆ، بەهێز و پێشکەوتوو، دەتوانێت ببێتە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی داڕشتنی سیستمێکی نوێی ئەمنی لە ناوچەکەدا.

هاوکات جەختیشی لەسەر جێبەجێکردنی تەواوەتی رێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان هەردوو وڵات و چەسپاندنی ئاسایش لەسەر سنورە هاوبەشەکان کردەوە.

لە بەرانبەردا قاسم عەبدوی، راوێژکاری ئەمینداری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق، پابەندبونی تەواوی وڵاتەکەی بە جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان تاران و بەغدا دوپاتکردەوە.

عەبودی راشیگەیاندوە، ئیرادەی عیراق لەسەر جێبەجێکردنی گشتگیرانەی ئەو رێککەوتنەیە و بەغداد بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات خاک و ئاسمانی وڵاتەکەی وەک سەکۆیەک لە دژی ئێران و وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت.