نوری مالکی: پێویستە پەیوەندییەکانی حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوردا بێت
بڵند
٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
نوری مالکی رایگەیاند، هیچ قەیرانێک بونی نییە و پێویستە پەیوەندییەکانی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان لە چوارچیوەی دەستوردا بێت، هەموان پابەنندی خاڵەکانی بن.
ئەمڕۆ شەممە، نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە نەجەف رایگەیاند، عەشیرەتەکان بەشێکی سەرەکین لە پێکهاتەی کۆمەڵگە و دەوڵەتی عیراق و پاڵپشتی سەرەکین بۆ پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و روبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان، مالکی ئاماژەی بەوە کرد کە هیچ قەیرانێک لە ئارادا نییە و پێویستە هەمووان پابەندی دەستور بن و هیچ شتێک لە دەرەوەی دەقە دەستوورییەکان نەدرێت و وەرنەگیرێت.
ناوبراو جەختیکردەوە کە هێزە سیاسییەکان و عەشیرەتەکان و کۆمەڵگە لە پاڵ حکومەت و هێزە ئەمنییەکاندان بۆ رێگریکردن لە هەر دەستدرێژی و پشێوییەک، هەروەها قوربانیدانی عەشیرەتەکانی لە شەڕی دژی داعش و پاراستنی سەقامگیری بەرز نرخاند.
رونیشی کردەوە کە سامانی وڵات موڵکی هەموو عیراقییەکانە و نابێت سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی ناوچەیەک لەسەر حیسابی بێبەشبونی ناوچەیەکی تر بێت.
هاوکات هۆشداری دا لە هەوڵەکانی تێکدانی یەکڕیزی، گەندەڵی و تایفەگەری و ئاماژەی بەوەکردوە، حکومەت و هێزە سیاسییەکان لە بەرانبەر هیچ سەرپێچیکارێکدا نەرمی نانوێنن.


