عیراق دەستیكرد بە داخستنی سەرجەم دەروازە سنوورییە نارەسمییەكان، لەو چوارچێوەیەشدا مەرزی پشتە لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە و دەروازەی سنوری وەلید داخست و هاتوچۆی بازرگانیش لە مەرزی سیمالكا راگیرا.

مەرزی پشتە كە خاڵێكی سنووریی لاوەكییە لەنێوان هەرێم و ئێران كە دەكەوێتە سنوری ناحیەی بەمۆی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن عیراقەوە تا كاتێكی نادیار داخرا.

هاوكات محەمەد عەبدولوەهاب ساعیدی، فەرماندەی هێزەكانی پاسەوانی سنوری عیراق رایگەیاند، دەستیان كردووە بە جێبەجێكردنی راسپاردەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاخبردنی نەوت و داخستنی دەروازە نارەسمییەكان و دەروازەی سنوری وەلید لەنێوان عیراق و سوریا لە سنوری فیشخابور داخراوە كە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بەڕێوەدەبرا.

هاوكات فەرماندەی فیرقەی 16ی پیادەی سوپای عیراق بڵاویكردەوە، دەستیانكردووە بە داخستنی سەرجەم رێگا نارەسمییەكانی نێوان نەینەوا و هەولێر بە ئامانجی رێگریكردن لە پەڕینەوەی نایاسایی و قاچاخچێتی.

سەرچاوەیەك لە رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند، هاتوچۆی بازرگانی لە دەروازی سێمالكای رۆژئاوای كوردستان لە پارێزگای دهۆك تا كاتێكی نادیار راگیراوە و دەروازەی سەرزێڕ لە ناحیەی كانی ماسی داخرا.