مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەی رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: لەمێژووی گەلەكەماندا ژنان و كچانی كوردستان بەوپەڕی ئازادی و سەرفرازییەوە ڕۆڵیان لە خزمەتکردنی کۆمەڵ و وڵاتدا بینیوە.

دەقی پەیامەکە:

لەم بۆنە جیهانیەدا كە بۆ نەهێشتنی گشت جۆرەكانی توند و تیژی دژ بە ژنان بەڕێوەدەچێت، وەک هەمیشە تەئكید لەسەر چڕكردنەوەی هەوڵەكانمان دەكەینەوە لەپێناو  پاراستن و پشتگیری كردنی زیاتر لە ماف و داواكاریەكانی گشت ژنانی كوردستان، تاوەکو  لە ژینگەی کار و کایەی بەشداری گشتیدا پارێزراوتر بن و دەرفەتی زیاتریان لەخستنە گەڕی تواناکانیاندا بۆ فەراهەم ببێت. 
 
لەمێژووی گەلەكەماندا، بە شاهیدی گەڕیدە و رۆژهەڵهاتناسان  ژنان و كچانی كوردستان بەوپەڕی ئازادی و سەرفرازییەوە رۆڵیان لە گشت كایەكانی خزمەتکردنی کۆمەڵ و وڵاتدا بینیوە، بۆیە بە رەوینەوەی یەكجارەكی حاڵەتەكانی هەراسانكردن و هەر جۆرە توندوتیژییەك لەدژیان، لەڕێی یاسا و رێکارە پێویستەکانی فەزای کۆمەڵایەتی و پایەدارکردنی بنەماکانی ماف و یەکسانی دەتوانرێت گەشەی زیاتر بەو رۆڵە سەنگینەیان بدرێت. 

دووبارە سەركەوتن بۆ خەباتی ژنان و پاراستنی مافەكانیان دەخوازین.

مەكتەبی سیاسی 
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان