نوسینگەی سەرۆك وەزیران رایگەیاند، عیراق دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی تەواوە و دەسەڵات و شەرعییەتی دامەزراوەكانی لە دەستورەوە وەردەگرێت.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق راگەیەنراوێكی بڵاوكردووەتەوە، ئاماژەی بەوەداوە، عیراق دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی تەواو و دیموكراسیی فیدراڵییە، دەسەڵات و شەرعییەتی دامەزراوەكانی لە دەستور و ئیرادەی گەلەكەیەوە وەردەگرێت، حكومەتیش بەرپرسیارییەتی و دەسەڵاتە دەستورییەكانی بە سەربەخۆیی تەواو و بەپێی یاسا جێبەجێ دەكات.

جەختیش كراوەتەوە، ئەو رێكارانەی حكومەت لە ناو سنورە دانپێدانراوە نێودەوڵەتییەكانی عیراقدا دەیانگرێتەبەر، لە ئیرادەی سەربەخۆی خۆیەوە سەرچاوە دەگرن نەك لەسەر بنەمای هاندان، سەپاندن، یان ئاراستەكردنی هیچ لایەنێكی دەرەكی، حكومەتی عیراق شەرعییەتی بڕیارەكانی لە هەڵوێست یان ئاراستەی دەوڵەتانەوە وەرناگرێت و چاوەڕێی هاندانی هیچ كەسێكیش ناكات.

 لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا هاتووە، بڕیاریان عیراقییە، ئیرادەیان نیشتمانییە، مەرجەعیان دەستور و یاسایە و بەرژەوەندیی باڵای عیراقیش ئەو پێوەرەیە كە هەڵوێست و رێكارەكانیان دیاری دەكات.