چوارچێوەی هەماهەنگی: پێویستە كێشەكانی نێوان هەرێم و عیراق بەپێی دەستور و بە گفتوگۆ چارەسەربكرێن
رێبین
٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
چوارچێوەی هەماهەنگی جەخت لە چارەسەركردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان لە رێگەی دیالۆگ و لێكتێگەیشتن و پاراستنی مافە دەستوورییەكان دەكاتەوە.
فەرمانگەی راگەیاندنی چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە، پشتیوانیی رێكار و بڕیارەكانی حكومەتەكەی عەلی زەیدی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەقاچاخبردنی نەوت و چەسپاندنی سەروەریی یاسا دووپات دەكەینەوە.
راشیگەیاندوە، پێویستە دۆسیە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان لە رێگەی دیالۆگ و لێكتێگەیشتنەوە چارەسەر بكرێن، بە جۆرێك مافە دەستوورییەكان بپارێزرێن و یەكڕیزیی بڕیاری نیشتمانی مسۆگەر بكرێت.
چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لە هەموو هێزە سیاسییەكان و دامەزراوەكان كرد پشتگیری لە هەوڵەكانی حكومەت بكەن و بەرژەوەندیی نیشتمانی بخەنە پێش هەموو شتێكەوە، جەختیشیكردەوە كە پاراستنی سامانی عیراق بەرپرسیارێتییەكی دەستووری و نیشتمانیی هاوبەشە و سامانی هاووڵاتیان هێڵی سوورە.


