تەندروستیی هەرێم: کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان سێ بەرهەمی دابەزاندنی کێش لە بازاڕەکانی هەرێم دەکشێنێتەوە
بڵند
١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند، لە پێناو پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان و تەندروستیی گشتی، بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان (KMCA) بڕیاریدا بە قەدەگەکردنی سێ بەرهەمی تەواوکەری خۆراکی، کە شیوای خواردن نین.
تەندروستیی هەرێم لە راگەیەندراویكدا رایگەیاندوە، بڕیاریانداوە بە کشاندنەوەی سێ بەرهەمی تەواوکەری خۆراکی لە بازاڕی دەرمانی هەرێمی کوردستان، کە بریتین لە؛ قاوەی رۆما (ROMA Coffee)، قاوەی میلانۆ (Milano Coffee) و چای جینسینگ (Ginseng tea).
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم بڕیارەی بەڕێوەبەرایەتییەکە دوای ئەوە هات کە لە ئەنجامی شیکارییە تاقیگەییەکاندا دەرکەوت ئەو بەرهەمانەی بۆ دابەزاندنی کێش ریکلامیان بۆ دەکرێت، بڕێکی زۆر لە ماددەی قەدەغەکراو و مەترسیداریـیان تێدایە، بەبێ ئەوەی کارگەی دروستکەر و کۆمپانیای هاوردەکار لە بەڵگەنامە رەسمییەکاندا ئاماژەیان بە بوونی ئەو ماددەیە کردبێت.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی تەندروستی، ئەو خۆراکانە، ماددەی سیبوتڕامینیان تێدایە، کە بەهۆی دروستکردنی مەترسیی راستەوخۆ لەسەر دڵ و کۆئەندامی سوڕی خوێن، لە ساڵی 2010ـەوە لە بازاڕی دەرمانی سەرجەم وڵاتانی جیهان قەدەغە کراوە و کشێنراوەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتییان دەکات دەستبەجێ کڕین و بەکارهێنانی ئەو سێ بەرهەمە رابگرن، هۆشداریش دەداتە سەرجەم دەرمانخانە و کۆگاکانی دەرمان کە بە زوترین کات مامەڵەکردن و فرۆشتنیان بوەستێنن، بەپێچەوانەوە روبەڕووی رێکاری توندی یاسایی دەکرێنەوە.


