عەلی زەیدی نۆ لێپرسراوی باڵای لەسەر دۆسیەی قاچاخچێتیی نەوت لە بابل دورخستەوە
بڵند
١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، لە کۆبونەوەیەکی بەپەلەی ئەمنیدا، بڕیاری دا سەرجەم تێوەگلاوانی دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناوچەی لە پارێزگای بابل رەوانەی دادگا بکرێن.
ئەمڕۆ شەممە سەرۆک وەزیرانی عیراق دوای کۆبونەوەی لەگەڵ ئەو لیژنەیەی لێکۆڵینەیان لە بونی پاڵاوگەی نائاسایی و یاریکردن بە نەوت کردبوو لە ناوچەی "جورف نەسر"، نۆ لێپرسراوی باڵای ئەمنی و کارگێڕیی پارێزگای بابلی لە پۆستەکانیان دورخستەوە.
بڕیارەکە دوای پێشکەشکردنی راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوە هات، کە راستیی زانیارییەکانی دەزگای هەواڵگریی فیدراڵیی لەبارەی بونی پاڵاوگەی نایاسایی و یاریکردن بە نەوت لەو ناوچەیە پشتڕاست کردەوە.
لەسەر ئەو بنەمایە، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بڕیاری دا بە لەکارلادانی هەریەک لە؛ فەرماندەی پۆلیسی بابل، بەڕێوەبەری پۆلیسی باکوری بابل، بەڕێوەبەرانی هەواڵگری و دژەتیرۆر، ئاسایشی نیشتمانی، هەواڵگری و ئاسایشی بەرگری، موخابەراتی بابل، فەرماندەی حەشدی شەعبی لە بابل، ئامر لیوای شەشەمی پۆلیسی وزە و بەڕێوەبەری کۆمپانیای هێڵی بۆرییە نەوتییەکان.
هاوکات زەیدی فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکانی سەرجەم پارێزگاکانی بە بەرپرسیاری یەکەم دانا لە هەر حاڵەتێکی بەقاچاخبردنی نەوت لە سنورەکانیاندا و جەختی کردەوە، کە حکومەت بە توندی روبەڕووی بەهەدەردانی سامانی گشتی دەبێتەوە و "لە زاخۆوە تا بەسرە" هیچ بستە خاکێک نامێنێت قاچاخچێتیی تێدا بکرێت.


