زانیاری کوردسات نیوز: سبەینێ سلێمانی داوای بەشەنەوتی خۆی و هەڵەبجە لە بەغداد دەکات
بڵند
١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ دابینکردنی سوتەمەنی و وەرگرتنی بەشەنەوتی ماڵان لە بەغداد، پارێزگاری سلێمانی سبەینێ بە نوسراوێکی رەسمی داوای 20 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەکات، هاوکات هەولێریش چاوەڕێی رەزامەندیی بەغدادە بۆ گواستنەوەی نەوت لە بێجییەوە.
محەمەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردسات نیوز رایگەیاند، سبەینێ پارێزگاری سلێمانی بە مەبەستی وەرگرتنی بەشەپشکی نەوتی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، نوسراوێکی رەسمی ئاڕاستەی وەزارەتی نەوتی عیراق دەکات.
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکان ئاماژەی بەوەش کرد، لە نوسراوەکەدا داوای بڕی 20 ملیۆن لیتر نەوت کراوە.
سەبارەت بە کاتی گەیشتنیشی وتی، پێشبینی دەکرێت هەر لەم هەفتەیەدا نەوتەکە بگاتە سلێمانی لە نزیکترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی بکرێت بەسەر هاووڵاتیاندا.
سەبارەت بە پشکی هەولێر، هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەک ئەنجامداوە بە مەبەستی گواستنەوەی نەوتی سپی لە پاڵاوگەی بێجییەوە بۆ هەولێر.
ناوبراو جەختی کردەوە کە لە ئێستادا چاوەڕوانی بڕیار و رەزامەندیی کۆتایی حکومەتی عیراقن، هەر کاتێک رەزامەندییەکە درا، راستەوخۆ نەوتەکە دەگات و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
ئەم هەوڵانە لە کاتێکدایە کە بەهۆی هاتنی وەرزی سەرما و کەمیی کارەبای نیشتمانییەوە، خواست لەسەر سوتەمەنی زیادیکردوە، بەڵام لە بازاڕەکاندا نرخی یەک بەرمیل نەوتی سپی 350 هەزار دیناری تێپەڕاندوە، ئەمەش بارگرانییەکی دارایی زۆری لەسەر شانی هاووڵاتیان دروستکردووە.


