ناتانیاهۆ داوای پێکهێنانی حکومەتی یەکگرتویی نیشتمانی دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە هەڕەشەی ئێران و دەڵێت پێویستە بە یەک جار و بۆ هەمیشە کۆتایی بەو مەترسییەی تاران بهێنن.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرئیل لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا رایگەیاند، پێویستە ئەو هەڕەشە راستەقینەی ئێران  لەسەر ئیسرائیل بەیەکجار و بۆ هەمیشە کۆتایی پێبهێنن.

ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەکردوە، جارێکتر تاران هەوڵ بۆ زیندوکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەدات و ئەگەر ئەم دەسەڵاتە دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات، لە بەکارهێنانیشی دژی ئیسرائیل درێغی ناکات.

لە پەیامەکەیدا، ناتانیاهۆ باس لەوەشدەکات دەبێت ئیسرائیل هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی رابردوو، بەردەوام بێت لە رێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی.

ناوبارو دوپاتیدەکاتەوە، حکومەتێک بە زۆرینەیەکی لاوازەوە یان پشتبەستوو بەوانەی کە ئەو بە "پاڵپشتیکارانی تیرۆر" ناوی بردن، ناتوانێت بەسەر ئەم ئاڵنگارییەدا زاڵ ببێت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ناتانیاهۆ داوای لە گادی ئایزنکۆتی راسپردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت کردوە،  بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە بچێتە ناو گفتوگۆکانەوە و ناکۆکییەکان وەلابنێت، تا پێکەوە حکومەت پێکبهێنن لەپێناو گەیشتن بە رێککەوتنێک کە ئاسایش و داهاتووی ئیسرائیل بپارێزێت.