شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پێشوازی لە نێردەری شوێنەوارناسی ئیتاڵی لە هەرێم کرد
ئوسامە ئەبوبەکر
١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لە نوسینگەی تایبەتی خۆی لەسلێمانی پێشوازی لە دکتۆر لوکا کۆلیڤا، بەڕێوەبەری نێردەی شوێنەوارناسی ئیتاڵی لەهەرێمی کوردستان (MiSAK)کرد.
لەمیانی دیدارەکەدا تاوتوێی هەوڵی تیمەکانیان کرا بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکانی گەڕان و پشکنین و توێژینەوە شوێنەوارییەکان لەسنوری گەرمیان لە کەلار و سەرقەڵا.
لەسۆنگەی گرنگیدان بەشوێنەوارە دێرینەکان و پاراستنی مێژووی شاری شاران، خاتوو شاناز ئاماژەی بەهەوڵەکان کرد بۆ بەرەوپێشبردنی دۆزینەوە شوێنەوارییەکان بەتایبەت دۆزینەوەی حەمامی دێرینی فاتمەخان لەبەشێکی گۆڕەپانی پشتەوەی سەرای سلێمانی کە پێگەیەکی گرنگی مێژوویی و رامیاری و کلتوریی هەیە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایی بابانەکان.
لای خۆشییەوە، تیمی شوێنەوارناسی ئیتاڵی ئامادەیی بەردەوامی خۆیان دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی ڕاوێژی زانستی و تەکنیکی، و نەخشەرێگای پێویست بۆ هەنگاوەکانی ئایندە بە مەبەستی پاراستن، نۆژەنکردنەوە و لێکۆڵینەوەی زیاتر لەم پێگە مێژووییە گرنگە.
دواتر خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەیاوەری تیمەکە شوێنەواری حەمامی فاتمەخانیان بەسەرکردەوە و لەنزیکەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ شێوازی بیناسازی، کەرەستە سەرەکییەکان و دۆخی شوێنەوارەکە کرد.


