راپۆرتێکی نوێ: زیانە داراییەکانی جەنگی ئێران بۆ وڵاتانی کەنداو تا ساڵی 2030 دەگاتە 790 ملیار دۆلار
بڵند
١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
کۆمپانیای بیمە و خزمەتگوزاری دارایی ئالیانز لە راپۆرتێکدا خەمڵاندنی نوێی بۆ زیانەکانی جەنگی ئێران لە وڵاتانی کەنداو خستوەتەڕوو، ئاماژەی بەوەکردوە زیانەکان 200 ملیار دۆلاری تێپەڕاندوە و تا ساڵی 2030 دەگاتە 790 ملیار دۆلار.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راپۆرتێکیدا، کۆمپانیای بیمە و خزمەتگوزاری دارایی ئالیانز ئاماژەی بەوەکردوە، زیاتر لە 80 دامەزراوەی وزە لەماوەی جەنگدا کراونەتە ئامانج و نزیکەی یەک لەسەر سێیان بە تەواوەتی خاپور بوون و زۆرترین زیان بە ژێرخانی وزەی کوەیت، قەتەر و بەحرەین کەوتووە.
کۆمپانیاکە، پێشبینی دەکات، کە زیانە ئابورییە کەڵەکەبووەکانی وڵاتانی کەنداو لە نێوان ساڵانی 2026 بۆ 2030 یەکسان دەبێت بە رێژەی 9.5٪ـی داهاتی ناوخۆی گشتیی پێشبینیکراوی پێش جەنگی وڵاتانی کەنداو.
هەروەها باس لەوەشدەکات، کە دەرئەنجامەکانی ئەو جەنگە تەنیا لە دامەزراوەکانی نەوت وغازدا سنوردار نییە و کەرتەکانی گەشتیاریی و خانووبەرە و بازرگانیش لە ساڵانی داهاتوودا روبەڕووی گەشەی کەمتر دەبنەوە.



