وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق: ساڵانە پێویستمان بە نۆ ملیار هێلکەیە
بڵند
١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق پلانی نوێی بۆ پاڵپشتیکردنی خاوەن پڕۆژەکانی پەلەوەر و ئاسانکاریکردن بۆ کارەکانیان راگەیاند، ئاماژەی بەوەشکردوە بۆ خۆبژێوی ساڵانە پێویستیان بە نۆ ملیار هێلکە هەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق رایگەیاند، بەپێی رێنماییەکان کار بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت دەکات و یەکێک لە سەرەکیترین ئامانجەکانیان لابردنی ئاڵنگارییەکانی بەردەم بەرهەمهێنەرانی پەلەوەرە.
وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق ئاماژەی بەوەکردوە، لە ئێستادا کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ساڵانەی هێلکە دەگاتە شەش ملیار هێلکە، لە کاتێکدا بازاڕی عیراق ساڵانە پێویستی بە نۆ ملیار هێلکە هەیە تاوەکو بتوانرێت خۆبژێوی لەو بەرھەمەدا بەدەستبێت.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵەکانییان چڕکردوەتەوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو جیاوازیە و کورتهێنانەی کە سێ ملیار هێلکەیە لە ناوخۆدا.


