سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، لە چوارچێوەی پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا، دوو هۆڵی تایبەت بە پرسە و بۆنەی لە گەڕەکەکانی "بەختیاری" و "چوارباخ" ئامادەکردووە بۆ خزمەتی هاووڵاتیان.

شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، بە مەبەستی زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتیان و کەمکردنەوەی ئەرکی سەرشانیان، دوو هۆڵی پرسە  وبۆنەکانیان و بە تەواوی پێداویستییە سەرەکییەکان و سیستمی ساردکەرەوە و گەرمکەرەوەوە، بێبەرانبەر خستوەتە خزمەت هاووڵاتیانەوە.

شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردوە، ئامانج لە جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە، کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی سەر شانی هاووڵاتییان، دابینکردنی شوێنێکی ئارام و گونجاو لە کەشوهەوای زستان و هاویندا.

هەروەها  رێگریکردنە لە دروستبوونی ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی پیادە و ئۆتۆمبێل کە پێشتر بەهۆی هەڵدانی خێمەی پرسە لەسەر شەقام و کۆڵانەکاندا دروست دەبوو.

 لەو چوارچێوەیەدا شارەوانیی سلێمانی داوا لە هاووڵاتییان دەکات لەجیاتی ماڵەکان یان دانانی خێمە لە کۆڵانەکاندا، سوود لەم هۆڵە ئامادەکراوانە وەربگرن.