وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا و رایدەگەیەنێت، کاتی ئەوە هاتووە کۆشکی سپی بڕیاری کۆتایی خۆی بدات و هەڵوێستی خۆی لە نێوان شەڕ و ئاشتیدا یەکلا بکاتەوە.

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پێشنیازی رێککەوتنی دوو رۆژەکە کە پێشکەشیان کردووە هێشتا بەردەوامە و لەسەر مێز ماوەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر ئەمریکا وەڵامی داواکارییەکانیان بداتەوە، لەوانەش کۆتاییهێنان بە شەڕ لە سەرجەم بەرەکاندا، ئەوا ئەنجامە ئەرێنییەکانی دەبینن.

لەلایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنی جەنگ جەختی کردەوە، ئەگەر ئەمریکا رێگەی شەڕ هەڵبژێرێت، ئەوا هێزەکانیان لە بەرەکانی جەنگدا بە تەواوی لە ئامادەباشیدان.

عراقچی راشیگەیاند، دەنگدەرانی ئەمریکی بڕیاری خۆیان داوە و ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کۆشکی سپیش بڕیاری خۆی ببات.