قائیمقامیەتی کەرکوک سێ هەزار دیناری لە نرخی هەر ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە کەمکردەوە
ساکۆ سمکۆ
٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
دوای ئەوەی هاووڵاتیان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی هاتنە سەرشەقامەکان و داوای کەمکردنەوەی نرخی ئەمپێری کارەبای موەلیدەیان دەکرد، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ قائیمقامیەتی ناوەندیی کەرکوک بەدەم داواکارییەکەوە چوو و بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی نرخی کارەبای موەلیدە.
لە بڕیارێکی نوێدا قائیقمامیەتی ناوەندیی کەرکوک رایگەیاند، نرخی یەک ئەمپێر کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکانی بۆ سەرجەم گەڕەک و ناوچەکانی سەنتەری شارەکە بە 15 هەزار دینار دیاریکرد و هۆشداریش دەداتە سەرپێچیکاران.
بەپێی نووسراوێکی رەسمی کە ئیمزای نەقیب سەلام محەمەد عیزەدین، قائیقمامی ناوەندیی کەرکوکی لەسەرە، ئاماژە بەوە کراوە لەبەرچاوگرتنی رەوشی سەختی ئابوری و بژێویی ژیانی هاووڵاتییان و لە پێناو کەمکردنەوەی بارگرانی دارایی لەسەر شانیان، بڕیاردراوە بە یەکخستنی نرخی مانگانەی موەلیدە ئەهلییەکان و بۆ هەموو ناوچەکان بەبێ جیاوازی بۆ هەر ئەمپێرێک بڕی 15 هەزار دینار دیاریکرا.
لە بڕیارەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، پێویستە سەرجەم خاوەن موەلیدەکان پابەندی ئەو نرخە بن و نابێت هیچ بڕە پارەیەکی زیادە وەربگرن؛ هاوکات لیژنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون لەڕێگەی بەدواداچوونی مەیدانییەوە چاودێریی جێبەجێکردنی بڕیارەکە بکەن و رێکاری یاسایی و کارگێڕیی توند بەرانبەر سەرپێچیکاران بگرنەبەر.



