پەرلەمانتارێکی پێشووی ئێران: دەسەڵاتمان هەیە لە ماوەی یەک هەفتەدا چەکی ئەتۆمی دروست بکەین
دیلان
٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پەرلەمانتارێکی پێشووی ئێران هەڕەشەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لە ماوەی یەک هەفتەدا دەکات و رایدەگەیەنێت، بڕیاردان لە دەسەڵاتی رابەری باڵای ئێرانەوە یان ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیدایە.
مەنسور حەقیقەتپوور، پەرلەمانتاری پێشووی ئێران سەبارەت بە توانای وڵاتەکەی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی رایگەیاند، هیچ رێگرییەک لەبەردەم گەیشتن بەو ئامانجەدا نییە و سەرجەم پێداویستییەکانیان لەبەردەستدایە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها ئەوەیە، کە لێپرسراوانی وڵات بڕیار بدەن و رایبگەیەنن، لەو حاڵەتەشدا دڵنیان دەتوانن لە ماوەی یەک هەفتەدا ئەوەی دەیانەوێت جێبەجێی بکەن.
مەنسور حەقیقەتپوور وتیشی، بڕیاردان لەسەر دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نابێت لە شەقامەکان یان پەرلەمانەوە بدرێت، بەڵکو دەبێت لەلایەن موجتەبا خامنەیی، رابەری باڵای ئێران یان ئەنجومەنی باڵی ئاسایشی نیشتمانیی بڕیاری لێبدرێت.



