پەیامنێری کوردسات نیوز: لە رۆژئاوای کوردستان جارێکی دیکە عەرەبە هاوردەکان پەلاماری ئەو کوردانە دەدەن کە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان
ساکۆ سمکۆ
٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
جارێکی دیکە لە گرێ سپی و لە رۆژئاوای کوردستان، عەرەبە هاوردەکان پەلاماری ئۆتۆمبێلی ئەو کوردانەیاندا کە دەیانویست بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.
موهەنەد ئیبراهیم، پەیامنێری کوردسات نیوزیش لەبارەی پەلامارەکانەوە رایگەیاند: لە ناوچەی گرێ سپی، ژمارەیەک لە عەرەبە هاوردەکان هێرشیان کردەسەر 100 خێزانی کورد کە گەڕابوونەوە بۆ شارەکەیان ئۆتۆمبێلەکانیشیان سوتاندن و پەلاماری هاووڵاتییانیان داوە و هەڕەشەی کوشتنیان لێکردوون.
ئاماژەی بەوەشدا: هاوردەکان بە بیانووی ئەوەی سەر بە 'هەسەدە'ن، رێگری لە گەڕانەوەی کوردەکان دەکەن، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە هەسەدە لەگەڵ حکومەتی سوریادا یەکیگرتووەتەوە، لە بەرانبەریشدا تا ئێستا حکومەتی دیمەشق هیچ هەڵوێستێکی توندی بەرانبەر بەم ئاڵۆزییە ئەمنییە مەترسیدارەی گرێ سپی دەرنەبڕیوە.
هاوکات، لە ئێستادا ئەو خێزانە کوردانە لە ناو بینای بەڕێوەبەرایەتیی ناوچەی گرێ سپیدا گەمارۆ دراون و بەهۆی پەلامارەکانیشەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی مەدەنی بریندار بوون، هاوکات داوا دەکرێت حکومەتی سوریا و لایەنە پەیوەندیدارە کوردییەکان بەپەلە دەستوەردان بکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی رەوشەکە و دەستگیرکردنی هێرشبەران.



