دادگای فیدراڵیی عیراق ئەمڕۆ سێ سكاڵای لەسەر پەرلەمان و حكومەتی هەرێم یەکلاکردەوە
ساکۆ سمکۆ, لازیا عەلی
٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق ئەمڕۆ بۆ یەكلاكردنەوەی سێ سكاڵای هەستیار لەسەر چارەنووسی پەرلەمان و دەسەڵاتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان کۆبووەوە و سکاڵاکەی عەلی حەمەساڵحیشی رەتکردەوە.
دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق ئەمڕۆ کۆبووەوە بۆ تاوتوێكردنی سێ سكاڵای دەستووریی كە كاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر پێگەی یاسایی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان هەیە و ئەگەر سکاڵاکان قبوڵبکرابووبان، ئەگەری هەڵوەشانەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێم دەهاتە ئاراوە.
لەوبارەیەشەوە، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، سكاڵای یەكەم کە لە لایەن عەلی حەمەساڵحەوە، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان تۆمار كراوە و لە سكاڵاکەیدا داوا دەكات خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەهۆی كۆتاییهاتنی وادەكەیەوە بكرێتە 'كاربەڕێكەر'، بەڵام دادگای فیدراڵ سکاڵاکەی رەتکردەوە.
وتیشی، شێوازی تۆمارکردنی سکاڵاکە بەجۆرێکە کە دەبووایە لەسەر بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان سکاڵاکە تۆماربکرێت، چونکە بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمانی هەرێم تا پێکهێنانی دەستەی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، راستەوخۆ دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان، لە دادگاشدا پێویستە سکاڵا لەسەر کەسێک تۆماربکرێت تاوەکو قبوڵبکرێت، بۆیە سکاڵاکە بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان و بە 'کاربەڕێکەر' لەقەڵەمدانی کابینەی حکومەت بووە، بەڵام داواکەی رەتکرایەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە رێبوار ئەورەحمان ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرای عیراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دوو سكاڵای دیكەش لە لایەن پەرلەمانتارانی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، رێبوار ئەورەحمان و ئەكبەر غەریب، لە دژی سەرۆكی حكومەتی هەرێم تۆمار كراون، بە هۆکاری ئەوەی ماوەی كاركردنی بەسەرچووە و دەبێت دەسەڵاتەكانی لێبسێنرێتەوە، بەڵام دادگا ئەو داوایەشی دواخست بۆ 14ـی 12ـی 2026.
سكاڵاكاران دووپاتی دەكەنەوە تەمەنی یاسایی حكومەت و پەرلەمان بەسەرچووە و دەبێت سەرجەم بڕیارەكانیان رابگیرێن و تەنها وەك كاربەڕێككەر مامەڵە بكەن.


