بەهۆی تێکچوونی ئامێرێکی چاپکردن و بەڕێنەکردنی مامەڵەی ئەو شۆفێرانەی بازگەکەدا تێپەڕدەبن، شۆفێرانی بارهەڵگر گردبوونەوە و داوادەکەن چیدی بە هۆکاری ناپێویست لە کارەکانیان درەنگیان نەخەن.

ئاسۆ ئەحمەد، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی ئامێری چاپکردن 'تابیعە'ـی بازگەی چیمەن لەکارکەوتووە، چەند شۆفێرێکی بارهەڵگر لەبەردەم بازگەکەدا گردبوونەتەوە.

وتیشی، بەهۆی تێکچوونی ئەو ئامێرەوە بۆ چەندین جاری لەسەریەک و بەڕێنەکردنی مامەڵەی شۆفێرانی بارهەڵگر، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لەلایەن شۆفێرانەوە دروستبووە و شەقامی نێوان کەرکوک - سلێمانییان داخستووە.

هاوکات، یەکێک لە خۆپیشاندەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند: پێشتریش هەمان کێشە هەبووە و شۆفێران بە پارەی خۆیان ئامێرێکی نوێی چاپکردنیان بۆ بازگەکە کڕیوە، بەڵام چیدی پێویستناکات ئێمە پارە بدەین، چونکە حکومەت رۆژانە خۆی باج و رسوماتی پێویست لەو شۆفێرانەی بارهەڵگر لێدەخوڕن و باریان پێیە و بە بازگەکەدا تێپەڕدەبن، وەردەگرێت و پێویستیشە هەر لە پارەی ئەو باج و رسوماتە، ئامێرەکە بکڕن.