ترەمپ: ئێران هەوڵ بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت دەدات
محەمەد رزگار
٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
سەرۆکی ئەمریکا، تاران تۆمەتبار دەکات بەوەی کە هەوڵەکانی بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت خستووەتەگەڕ، هاوکات جەختیش دەکاتەوە کە ئێران بە هیچ شێوەیەک نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران هەوڵی دروستکردنی پڕوپاگەندە و بابەتی ساختە دەدات سەبارەت بە تەقینەوە و مین بە کەشتییە بازرگانی و نەوت هەڵگرەکاندا، لە کاتێکدا بڕی نەوتی تێپەڕبوو لە گەروی هرمزەوە لە ئێستادا زۆر زیاترە لەوەی پێش دەستپێکردنی شەڕ هەبووە.
سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا رەخنەی توندی لە دەسەڵاتی تاران گرت و رایگەیاند، ئێران بەردەوامە لە کوشتنی خۆپیشاندەران و هەرکەسێک کە ڕووبەڕووی ببێتەوە.
ترەمپ هیواشی خواست کە گەلی ئەمریکا و جیهان زیاتر لە رەفتار و پیلانەکانی ئەو دەسەڵاتە تێبگەن.
ئەوەشی خستەڕوو، بەهیچ شێوەیەک و هەرگیز رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی.


