لەسەر راسپاردەی د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، سەرجەم دەرچووانی خوێندنگە کوردییەکانی کەرکوک، خانەقین، شەنگال و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێم وەرگیران.

دوای ئەوەی دەرگای پێشکەشکردن لە رێگەی سیستمی زانکۆلاین بۆ دەرچووانی پۆلی 12ی بەشی کوردی لەو ناوچانە کرایەوە، لە قۆناغی یەکەمدا رەزامەندی لەسەر وەرگرتنی 878 خوێندکار نیشاندرا بە هەمان پێوەر و کۆنمرەی خوێندکارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەت، 13,005 دەرچووی خوێندنگە کوردییەکانی ناوچە کوردستانییەکان داواکارییان پێشکەش کردووە. ئەوانەی ناویشیان لەم قۆناغەدا نەگەڕاوەتەوە، لە قۆناغەکانی داهاتوودا بەپێی کۆنمرەکانیان لە شوێنی شایستەی خۆیان وەردەگیرێن و بەمەش رێژەی وەرگرتنی سەرجەم پێشکەشکاران دەبێتە سەدا سەد.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پیرۆزبایی لە دەرچووان کردووە و جەختی کردووەتەوە کە خەڵکی ئەم ناوچانە بەشێکی رەسەن و دانەبڕاوی کوردستانن. لە ئێستاشدا دەرچووان دەتوانن لەڕێگەی ماڵپەڕی رێگەی زانکۆ regayzanko.com ئەنجامەکانیان وەربگرنەوە.